كەجەكە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی توركیا رەتدەكاتەوە
"پێویستە گەنجانی کورد بەخودان و تێكوشان دەست پێبكەنەوە"
K24 - ھەولێر
كەجەكە ئەنجامی ھەردوو ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمانی توركیا، رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، نابێ ھێزە دیموكراتخوازەكان رەوایەتی بەو ھەڵبژاردنە بدەن و قبووڵی بكەن.
لە راگەیەندراوێكدا هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنەكانی توركیا بە ناڕەوا ناو دەبات و رایگەیاند: "هەڵبژاردن لە دۆخی نائاساییدا و بە فرتوفێڵ و ساختەکاری ئەنجامدرا، دەسەڵاتداری فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە بەمەبەستی ئەوەی دوژمنایەتیی خۆی لەدژی دیموکراسی و گەلی کورد بەڕەوابکات، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجامدا، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی بەدڵی خۆیان بەدەست بێنێت، هەموو جۆرە فشار و زۆردارییەکی بۆ سەر هەمووان سەپاند، ئەو فشارانە و دەستکاریکردنی سندووقەکان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناڕەوا دەکات، دەسەڵاتداری فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە نایەوێت لە رێگای دیموکراسییەوە دەستبەردرای حکوومەت ببێت، بۆیە پەنا بۆ زۆرداری و فشار دەبات".
لە بەشێكی دیكەی ئەو راگەیەندراوەی كەجەكە ھاتووە: "نابێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا بە ڕەوا بزانرێن، نابێت هێزە دیموکراسیخوازەکان ئەو ئەنجامانە قبووڵ بکەن و روایەتیی پێبدەن، پێویستە لەدژی ئەو دەسەڵاتدارییە هەڵوێست پیشان بدەن و بەردەوام تێبکۆشن".
كەجەكە ئەوەشی خستووەتەروو: "یەکێك لە گەورەترین مەبەستەکانی فاشیزم لەو هەڵبژاردنەدا، هێشتنەوەی هەدەپە بوو لە ژێر بەربەستی 10%ی دەنگەکان، بەڵام گەلی کورد و گەلانی تورکیا خاوەندارێتییان لە هەدەپە کرد و رێگایان نەدا هەدەپە لە ژێر ئەو بەربەستەدا بمێنێتەوە، بۆیە ئێمە ئەو سەرکەوتنە لە گەلی کورد و لە هەموو دیموکراسیخوازانی تورکیا پیرۆزدەکەین".
ھەروەھا كەجەكە راشیگەیاند: "هاوپەیمانیی ئاکەپە و مەهەپە بە فشار و زۆرداری توانیی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بێنێت، ئەوە ناوی سەرکەوتن نییە، ئەوەی ئاشکرایە، ئەوەیە کە گەلانی تورکیا راشکاوانە دەریانبڕی کە نایانەوێت ئەو هاوپەیمانییە وڵات بەڕێوەببات، دەوڵەت تەنیا بە فشار و زۆرداری دەتوانێت دەسەڵاتدارییەکەی ڕابگرێت، بۆ ئەوەی گەلانی تورکیا ئەو دەسەڵاتدارییە قبوڵ بکەن، دوژمنایەتی لەناویان دا دەنێتەوە، بەڵام کاتێك تێکۆشان لەدژیان دەستپێبکات، ناتوانن دەسەڵاتدارییەکەیان بپارێزن، تەمەنی ئەو دەسەڵاتدارییە درێژ نابێت".
کەجەکە ئاماژەی بەوەشداوە: "هاوپەیمانێتی ئاکەپە و مەهەپە هاوپەیمانێتیەکە بۆ دوژمنایەتیی گەلی کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان، ئەوان بەردەوام دەبن و لە شەڕ و دژایەتییەکانیاندا، لەگەڵ هێرشکردنە سەر تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد، فشارەکانیان بۆسەر هێزە دیموکراسیخوازەکانی تورکیاش زیاتردەکەن".
ئەوەش دەخاتەڕوو: "بۆ ئەوەی هەموو پرسەکانی تورکیا چارەسەربکرێن، جگە لە تێکۆشان هیچ رێگایەکی دیکە نییە، دەبێت لەدژی حکوومەتێك کە هەموو هێزی خۆی بۆ لەناوبردنی دیموکراسی دەخاتە گەڕ، تێکۆشان بەرفراوان بکرێتەوە. ھاوپەیمانێتی ئاکەپە و مەهەپە، پاش هەڵبژاردنی 24ی حوزەیران رایانگەیاندووە، بەردەوام دەبێت لە دوژمانەیەتیی گەلی کورد، پێویستە گەنجانی کورد لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەدا لە هەموو شوێنێك دەست بکەن بە بەرخودان و تێکۆشانی دژی فاشیزم بەرفراوان بکەنەوە".
ھ.م