مێژوونووسی كوردی ناسراوی تورکیا فوئاد سێزگین كۆچی دوایی كرد
ئەردۆغان بەشداری لە بهخاكپساردنهكهدا دەکات و دەڵێت: ساڵی 2019 دەکەینە ساڵی سەزگین
K24 - ھەولێر
پرۆفیسۆر فوئاد سێزگین، خەڵكی شاری بدلیسی باكووری كوردستان لە تەمەنی 94 ساڵی لە ئیستانبوڵ گیانی لەدەستدا.
فوئاد سێزگین، کە لە ساڵی 1924 لە شاری بدلیسی باکووری کوردستان لە دایکبووە و بە رەچەڵەك کوردە. شارەزای مێژووی عەرەب- ئیسلام، بووە و لە شاری ئیستانبوڵ بڕوانامەی دکتۆرای لە زمانی عەرەبی و ئەدەب، بە دەست ھێناوە و لە زانکۆی (یۆهان وۆلفگانگ گوتێ) لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، پرۆفیسۆری مێژووی سروشتی زانست بووە و بە یەکێک لە مێژوونووسە ناسراوەکانی جیهانی ئیسلامی دادەنرێت.
سێزگین، خاوەنی چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری وەك خەڵاتی نێودەوڵەتی شافەیسەڵی سعودی و ئۆردەر مێریتی ئەڵمانی.
هەروەها ئەو پڕۆفیسۆرە كوردە، ئەندامی ئەکادیمیای زانستی تورکیا و مەغریبی و ئەندامی ئەکادیمیای زمانی عەرەبی لە قاهیرە، دیمەشق و بەغدا بوو. ساڵی 1960 بە هۆی فشارەکانی حکومەتی ئەوکاتی تورکیا ناچاربووە رووبکاتە ئەڵمانیا .
فوئاد سێزگین، لە تەمەنی 94 ساڵیدا رۆژی 29/06/2018 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیستانبوڵ کۆچی دواییکرد. لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیا بە شداربوو وتارێکیشی پێشکەشکردو و رایگەیاند، کە کارو بەرهەمەکانی فوئاد سێزگین، دەگەڕێنێتەوە تورکیا و "مۆزەخانە و کتێبخانەکانی زۆر بەهێزتر دەکەین و ساڵی 2019 دەکەینە ساڵی فوئاد سێزگین".
ئەردۆغان ستایشێکی زۆری پرۆفیسۆر سەزگینی کرد و گوتیشی: "لەیەکەم دیدارم لەگەڵ فوئاد سێزگین، هەستم بەوەکرد کە ئەو چەند خۆی تەرخانکردووە بۆ زانست".






