ڤیدیۆ.. سەرۆکی فه‌رەنسا لەگەڵ ئەفریقییەکان سەما دەکات

سەردانی چەند ئاهەنگ و یانەیەکی لە شاری لاگۆسی کرد

K24 – هه‌ولێر:

لە سەردانێکی دوو رۆژی بۆ نایجیریا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فه‌رەنسا، لە دوای دیداری لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەفریقییە، سەردانی چەند ئاهەنگ و یانەیەکی لە شاری لاگۆسی کرد، بە سەماکردن خرۆشی زیاتری خستە دڵی نایجیرییەکانەوە.

سەردانەکەی سەرۆکی فه‌رەنسا لە دوای سپۆنسەرکردنی چەندین فێستیڤاڵی کەلتووری نێجیری دێت لە لایەن پاریسەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، لە میانی سەردانەکەیدا، ماکرۆن داوای لە نەیجیرییەکان کردووە "رێگای شێتانە نەگرنە بەر بۆ گەشتن بە ئەوروپا و لە بری ئەوە هەوڵی باشترکردنی وڵاتەکەیان بدەن".

لە کاتی سەردانکردنی ئاهەنگێکی شاری لاگۆس، ماکرۆن سەرسام بوو بە کێشانی وێنەیەکی لە لایەن منداڵێکی 11 ساڵەوە تەنها لە دوو کاتژمێردا، بۆ ئەوەش ئەو وێنەیەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە.

هەروەها سەرۆکی فه‌رەنسا بە ئەنجامدانی سەمایەکی کەلتووری نایجیرییەکان، زیاتر دڵی ئامادەبووانی ئەو ئاهەنگەی خۆشکرد.

هـ.ج