ئێران سه‌یرترین تۆمه‌ت ئاراسته‌ی ئیسرائیل ده‌كات
"ده‌ستكاری كه‌شوهه‌وامان كراوه"
K24 - هه‌ولێر:
ئێران نامۆترین تۆمه‌ت ئاراسته‌ی ئیسرائیل ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ته‌لئه‌ڤیڤ هۆكاری سه‌ره‌كی وشكه‌ساڵییه له ئێران و ده‌ستكاری كه‌شوهه‌وا ده‌كات.
جه‌نه‌رال غولام ره‌زا جه‌لالی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی به‌رگری شارستانی ئێران رایگه‌یاند، ئیسرائیل هه‌وری دزیوه و ئه‌و وشكه‌ساڵییه‌ی له ئێران هه‌یه، ده‌ستی ئیسرائیلی تێدایه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵی به‌ریتانیا، جه‌لالی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، كه‌شوهه‌وای ئێران گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه، بێگومانیشن له‌وه‌ی ده‌ستی ده‌ره‌كی و بیانی رۆڵی سه‌ره‌كی له‌و گۆڕانكارییه هه‌یه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئێران ده‌شڵێت: "ئیسرائیل و ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ی ناوچه‌كه (ناوه‌كه‌ی نه‌هێناوه) تیمی هاوبه‌شیان هه‌یه و كار له‌سه‌ر گۆڕینی ئاراسته‌ی ئه‌و هه‌ورانه ده‌كه‌ن كه دێنه ناو ئاسمانی ئێران و وای لێده‌كه‌ن باران دانهبارێنن".
جه‌لالی بۆ لێدوانه‌كانی، پشت به رووپێوێك ده‌به‌ستێت كه ده‌ریده‌خات، ته‌واوی ناوچه شاخاوییه‌كانی نێوان ئه‌فغانستان و ده‌ریای ناوه‌ڕاست به به‌فر داپۆشراوه، ته‌نها چیاكانی ناو ئێران نه‌بێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌حمه‌د فازیفی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی چاودێری كه‌شوهه‌وای ئێران، گاڵته به قسه‌كانی جه‌لالی ده‌كات و ده‌ڵێت: "له‌وانه‌یه جه‌نه‌رال هه‌ندێك به‌ڵگه‌نامه‌ی هه‌بێت و ئێمه پێمان نه‌زانیبێت، هیچ وڵاتێك ناتوانێت به‌فر یان هه‌ور له وڵاتێكی دیكه بدزێت".
فازیفی ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه، ئێران ماوه‌یه‌كی زۆره به ده‌ست وشكی و بێ‌بارانی ده‌ناڵێنێت، به‌ڵام ئه‌و بیرۆكانه‌ی هه‌ن و وڵاتان تاوانبار ده‌كرێن، هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات.
پێشتریش مه‌حموود ئهحمهدینهژاد، سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئێران وڵاتانی رۆژئاوای تۆمه‌تبار كردبوو به‌وه‌ی رێگری له‌و هه‌ورانه ده‌كه‌ن له ئێران باران داببارێنن.
ئهحمهدینهژاد له ساڵی 2011 رایگه‌یاند، وڵاتانی رۆژئاوا به ئاماده‌كردنی پلانی تایبه‌ت بۆ وشككردنی ئێران و به‌كارهێنانی ئامێری تایبه‌ت، رێگری له‌وه ده‌كه‌ن باران له ئێران ببارێت و هه‌وره‌كان به‌ره‌و كیشوه‌ری ئه‌وروپا كێش ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه: Sky News
ا. م