ساڵێكە مووسڵ رزگاركراوە و ھێشتا وێرانەیە

خەڵكی مووسڵ گلەیی لە حكوومەتی عێراق دەكەن

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f50019c1-552c-4d9a-8339-3f6668befcbd/071018RTV.ism/manifest

K24 - ھەولێر     

دوای ساڵێك تێپەڕبوون بەسەر كۆنتڕۆڵكرنەوەی مووسڵ، تائێستا حكوومەتی عێراق و ئیدارەی خۆجێی پارێزگای نەینەوا، ھیچ پڕۆژەیەكی ئاوەدانكردنەوە و تەنانەت پاككردنەوەی شاری مووسڵیان لە پاشماوەی خانووە رووخاوەكان ئەنجام نەداوە، جیاوازی زۆریش لەنێوان ھەردوو بەشی رۆژھەڵات و رۆژئاوای شارەكە لە سەرجەم بوارەكاندا بەدیدەكرێت.

ساڵێكە مووسڵ كۆنتڕۆڵكراوەتەوە، كەچی وەك ئەوەی دوێنێ شەڕ و بۆردوومانەكان كۆتاییان ھاتبێت، سەرجەم كۆڵان و شەقامەكانی شارەكە بەتایبەتی بەری رۆژئاوای مووسڵ، لە وێرانە و كەلاوە زیاتر لە ھیچی دیكە ناچێت. خەڵكیش رووی دەمیان لە حكوومەتە و دەڵێن، حكوومەتی عێراق نەك ھیچی بۆ خەڵكەكەی نەكردووە، بەڵكو پاشماوەی خانوو و باڵەخانە رووخاوەكانیشی لانەبردووە.

قەیدار حسێن، یەكێكە لە دانیشووانی رۆژئاوای مووسڵ دەڵێت: "جا حكوومەت چی كردووە؟ بەخوا ھیچی نەكردووە، نە ئاوادەنكردنەوە نە پاككردنەوە، خەڵكی زۆر ماندووە، مووچە نییە، خەڵك لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، نە خۆراك نە ئاو، نە كارەبا، ھیچ شتێك نییە".

بە بەراورد بە رۆژئاوا، رۆژھەڵاتی شارەكە تاڕادەیەك ژیانی بۆ گەڕاوەتەوە و خەڵكەكەشی ئاماژە بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن و دووبارە كردنەوەی دەرگای زانكۆ دەكەن، ھەزاران كەسیش گەڕاونەتەوە ماڵەكانیان.

ھاووڵاتییەكی دیكەی دانیشتووی مووسڵ بەناوی بەندەر ئەغادی، ئاماژە بەوەدەكات: "بێگومان بەشی چەپ جیاوازی لەگەڵ بەشی راستی شارەكە ھەیە، بەشی چەپی شارەكە بەشێوەیەكی باش ژیانی بۆ گەڕاوەتەوە، ساڵێك لەمەوبەر ھیچ زانكۆیەك و پرۆسەیەكی فێركردن و تەنانەت ھیچ بوارێكی ئەرێنی نەبوو، ئێستا سوپاس بۆ خوا ھەموو شتێك تاڕادیەك باشە لە دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاییەوە، ھەزاران خەڵك گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان".

بەگوێرەی ئامارێكی رێكخراوی (ئین سی ئار)ی نەرویجی، 874 ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ چاككردنەوەی ژێرخانی شارەكە پێویستە، پێشتریش حكوومەتی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، بۆ جارێكی دیكە ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ، 100 ملیار دۆلار پێویستە.

مووسڵ لە 10/6/2014 كەوتە دەست چەكدارانی داعش، ئەمەش وایكرد داعش زیاتر رەگ لە عێراق داكوتێت و ھێرشی بۆ سەر ناوچەكانی دیكەی عێراق و ھەرێمی كوردستان دەستپێكرد. دوای سێ ساڵ دەسەڵاتی مووسڵ لە شارەكە، ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە بە بەشداری ھێزی پێشمەرگە و ھێزەكانی عێراق و بە پاڵپشتی ھێزەكانی ھاوپەیمانان دەستیپێكرد، لە 10/7/2017 كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ناوەمدی مووسڵ راگەیەندرا، بەڵام دوای ساڵێك ھێشتا داعش لە ناوچە سنوورییەكانی نەینەوا و كەركووك و دیالە ھێرش دەكات و تەقینەوە ئەنجامدەدات.

ھاووڵاتییانی مووسڵ بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە رەوشێكی خراپدان و كۆڵانەكانی ئەو شارە پڕە لە زبڵ و خاشاك. دانیشتووانی شارەكە دەڵێن، شارەكە بێ خاوەنە و ململانێی سیاسی وایكردووە، كۆڵان و بازاڕ و گەڕەكەكان بەمشێوەیەبن، بۆیە شەرم لەخۆمان دەكەین كاتێك كەسێكی بیانی سەردانی شارەكەمان دەكات.

ھ.م