ئەو كەسەی لە ھەولێر تووشی تای خوێنبەربوون بوو چاكبووەوە
دەبێ ئەو ترسە بڕەوێندرێتەوە
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر ئاشكرای كرد، حاڵەتێكی تووشبوون بە تای خوێبەربوون لە ھەولێر تۆماركراوە، دوای چاودێری تەندروستی حاڵەتەكە كۆنترۆڵكراوە و نەخۆشەكە چاكبووەتەوە و رەوانەی ماڵەوە دەكرێتەوە.
سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەو كەسەی لە ھەرێمی كوردستان تووشی تای خوێنبەربوون بووە، دوای چاودێری چڕی تەندروستی بە ھەوڵی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی توانرا، ئەو حاڵەتە كۆنترۆڵ بكرێت و ئێستا باری تەندروستی ئەوكەسە زۆر باشە و ھیچ كێشەیەكی تەندروستی نەماوە و رەوانەی ماڵەوە دەكرێتەوە".
گوتیشی: "دەمانەوێت ھاووڵاتییان دڵنیا بكەینەوە لەو ترسەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێتەوە، كە ئەو نەخۆشییە لە ژێر كۆنترۆڵكردن دایە و دەبێ ئەو ترسە بڕەوێندرێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "ھەڵمەتێكی بەرفراوانمان بۆ ھۆشیاركردنەوەی خەڵك و دەرمان رشاندنی ئەو شوێنانەی كە ئاژەڵی لێ بەخێودەكرێت".
بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر جەختیكردەوە: "ئەمڕۆ ئەو نەخۆشە رەوانەی ماڵەوە دەكرێتەوە و باری تەندروستی زۆرباشە و ئەو ڤایرۆسە لە لەشیدا نەماوە".
ھ.م

