نەتەوە یەكگرتووەكان داوایەك لە لایەنە ناڕازییەكانی سلێمانی دەكات
"پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەكان بەشێوەیەكی پیشەییانە بەڕێوەدەچێت"
K24 - سلێمانی
ئالیس پول، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی هەژمارکردنەوەی دەنگەكان بە دەست رایگەیاند، پڕۆسەی هەژمارکردنەوەی دەنگەكان بە دەست لە شاری سلێمانی "بەشێوەیەکی پیشەییانە بەڕێوەچووە و داوا دەكەین ئەو لایەنانەی بایكۆتی پرۆسەكەیان كردووە بگەڕێنەوە و چاودێری پرۆسەكە بكەن".
گوتیشی: "هەندێك لایەنی سیاسی بایکۆتی پڕۆسەکەیان کردووە، بەڵام ئێمە داوایان لێدەکەین لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەژمارکردنەوەی دەستی دەنگدان بەردەوامبن".
ئەوەشی خستەڕوو: "شارەزاییانی بواری ھەڵبژاردنی سەر بە یۆنامی لەسەرەتای جیاكردنەوەی دەنگەكان لە سلێمانی بوون و من پرسیارم لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لێكردون، ئێمە وەك نەتەوە یەكگرتووەكان سەرسام بووین بە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، ئەو كەسانەشمان دواند كە دەنگەكان جیادەكەنەوە، بە گشتی ئەو پرۆسە بەشێوەیەكی پیشەییانە بەڕێوەچووە".
ئاماژەی بەوەدا: "زۆر لەلایەنە سیاسییەكان نیگەرانیانە لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دەربڕیووە و بایكۆتیان كردووە، لێرەوە بانگێشتیان دەكەین، بێن چاودێری و سەرپەرشتی پرۆسەكە بكەن".
نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، جەختیكردەوە: "ھەموو ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە دەنگەكانیان بە دەست دەژمێردرێنەوە".
ھ.م