خه‌ڵكی به‌سره‌ شاندی حكوومه‌تیان راونا

حكوومه‌ت هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له‌ به‌سره‌ نه‌ماوه‌

K24- هه‌ولێر:

سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوخۆیی له‌ پارێزگای به‌سره‌ ئاشكرایكرد، شاندێكی حكوومه‌تی عێراق كه‌ سه‌ردانی ئه‌و شاره‌یان كردبوو، له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ به‌ چه‌ك و ره‌شاش وه‌ڵامدرانه‌وه‌ و به‌په‌له‌په‌ل رایانكرد، ئێستا حكوومه‌ت هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌وه‌ نه‌ماوه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ به‌ میدیا عێراقییه‌كانی راگه‌یاندووه‌، "رێگه‌ی به‌غدا - به‌سره‌ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانی تووڕه‌وه‌ داخراوه و ته‌نیا ئۆتۆمۆبیلێكیش ناتوانێت به‌م ڕێگه‌یه‌دا بڕوات‌"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌و شانده‌ی حكوومه‌تیش كه‌ بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ سه‌ردانی به‌سره‌یان كردبوو، له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ به‌ چه‌كی ره‌شاشه‌وه‌ راونرا و له‌ترسان رایانكرد و به‌په‌له‌په‌ل ئه‌و شاره‌یان جێهێشت".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوخۆیی له‌ به‌سره‌ دووپاتیانكرده‌وه‌، "له‌ شه‌وی رابردووه‌وه‌ حكوومه‌ت هیچ هه‌ژموونێكی له‌و شاره‌ نه‌ماوه‌ و به‌هۆی كه‌وتنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وه‌ك گه‌رمه‌ت، خه‌مسه‌ میل و عه‌شار، ئێستا به‌سره‌ به‌ بۆشاییه‌كی ئیداریدا ده‌گوزه‌رێت"، جه‌ختیشیانكرده‌وه‌، "تا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شاره‌كه‌ به‌بێ ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت ده‌مێنێته‌وه‌".

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ باسی ئه‌وه‌شیانكرد، "خۆپیشانده‌ران ناوچه‌ی ته‌نومه‌یان كۆنترۆڵ كردووه‌ و فه‌رمانگه‌كانی نه‌وتیشیان له‌ رمێله‌ سووتاندووه‌".

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی فراوان به‌رامبه‌ر خراپی خزمه‌تگوزاری شه‌قامه‌كانی شاری به‌سره‌یان ته‌نیوه‌ و داوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كاره‌با و نه‌بوونی ئاو ده‌كه‌ن، وێڕای ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار بۆ هاووڵاتیانی شاره‌كه‌ له‌ كۆمپانیاكانی نه‌وت، كه‌ له‌ سنووری پارێزگای به‌سره‌ كار ده‌كه‌ن.

H.B