وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: واشنتن و بەغدا بەرەو هاوبەشییەکی بەهێز هەنگاو دەنێن
گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی لەسەر کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق تاوەکو 30ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت؛ جەختیشی لە پشتیوانیی تەواوی واشنتن بۆ هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردەوە بۆ سەپاندنی سەروەریی خاکەکەی و دروستکردنی هاوبەشییەکی بەهێز لەگەڵ ئەمریکادا.
دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، وڵاتەکەی لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی لە عێراق تاوەکو وادەی دیاریکراو لە 30ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
گوتیشی: وەک چۆن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 14ـی تەممووز لە میانی پێشوازیکردنی لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە روونی ئاماژەی پێدا، بە توندی پاڵپشتی لە دیدگای زەیدی دەکات بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ تەواوی گەلی عێراق، وڵاتێکی دوور لە تیرۆر، لەگەڵ رێگریکردن لە هەر هێرشێک لە ناوخۆی عێراق یان لە خاکی ئەو وڵاتەوە بۆ دەرەوە، بە مەبەستی پەرەپێدان بە دۆستاییەتی و هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات.
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، واشنتن بە تەواوی پشتیوانی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە لە ژێر سەرکردایەتیی ئەودا و بە هاوکاری ئەمریکا بەرەو ئاراستەیەکی نوێ هەنگاو دەنێت.
سەردانە مێژووییەکەی کۆشکی سپی و دیداری ترەمپ
لە 14ی تەممووزی 2026،زەیدی بە سەردانێکی فەرمی و بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گەیشتە کۆشکی سپی لە واشنتن و لەلایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێشوازیی لێکرا. حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا گەڕاندەوە، کە وەک دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن لە دوای جەنگ لە قەڵەم درا.
کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و سەروەریی خاکی عێراق
لە درێژەی لێکتێگەیشتنەکانی کشانەوەی سەربازی، لە 12ی ئابی 2026 سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لەسەر کاتی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردەوە.
زەیدی لەو دیدارەدا رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە عێراق لە هەموو بوونێکی سەربازیی بیانی خاڵی دەبێت و سەروەریی تەواو بەدەستدەهێنێتەوە، هاوکات جەختی کردەوە کە کۆنترۆڵکردنی سەرجەم چەکەکان تەنیا لەلایەن دەوڵەتەوە مەرجی بنەڕەتیی سەقامگیری و گەشەپێدانی وڵاتە.
واژۆکردنی 48 رێککەوتنی ئابووری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان
لە رۆژی 18ـی تەممووزی 2026، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن سەرپەرشتیی واژۆکردنی 48 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتی عێراق لەگەڵ دامەزراوە ئەمریکییەکاندا کرد. رێککەوتنەکان کەرتی نەوت، کارەبا، پەروەردە، تەندروستی، کشتوکاڵ و گەیاندنیان لەخۆگرتبوو لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی وەک ئێکسۆن مۆبیل، کەی بی ئاڕ، جی ئێی ڤێرنۆڤا، شێڵ، هالیبێرتۆن، کۆمپانیای پێپسیکۆ، فریتۆ لای و پڕۆژەی هێڵی ئینتەرنێتی ستارلینک، بە مەبەستی گواستنەوەی سەرمایە و تەکنەلۆژیا بۆ عێراق.
هاوبەشی لەگەڵ شیڤرۆن و دۆزینەوەی رێگەی بەدیلی گەرووی هورمز
لە کەرتی وزە و نەوتدا، حکوومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای زەبەلاحی شیڤرۆنی ئەمریکی چووەتە نێو لێکتێگەیشتن بۆ پەرەپێدانی هەردوو کێڵگەی نەوتی "رۆژئاوای قوڕنە 2" و کێڵگەی "ناسڕیە". لە هەمان کاتدا، کۆمپانیا ئەمریکییەکە لەگەڵ لایەنی عێراقی دەستی کردووە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی تەکنیکی لەسەر راکێشانی بۆرییەکی نوێ بۆ دەریای ناوەڕاست (وەک هێڵی نەوتی بانیاس)، بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەیەکی بەدیل بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق تاوەکو لە کاتی تەنگژە ئەمنییەکاندا پێویستی بە تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا نەبێت.