ناتانیاهۆ: لەناوبردنی ژێرخانی حزبوڵڵا لە ناوچەی ئەمنی لە لوبنان بەردەوام دەبێت

 سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پڕۆسەی وێرانکردنی ژێرخانی حزبوڵڵا لە ناوچەی ئەمنی لە لوبنان و کاردەکات بۆ بنبڕکردنی هەموو هەڕەشەیەک کە رووبەڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە.

دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە لەناوبردنی ژێرخانی تیرۆر لە ناوچەی ئەمنیی لوبنان تەواو دەکەین و لە لابردنی هەر هەڕەشەیەک لەسەر ئیسرائیل ناوەستین"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونیشیکردەوە، سوپای وڵاتەکەی توانیویەتی مۆڵگە و قەڵا گەورەکەی حزبوڵڵا لە قەڵای شقیف و گردی عەلی تاهیر بە تەواوی وێران بکات.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن، پێنجشەممەی رابردوو، سوپای ئیسرائیل تەقینەوەیەکی زۆر بەهێزی لە بەرزایییەکانی عەلی تاهیر لە باشووری لوبنان ئەنجامدا، کە بەهۆی گوڕەکەیەوە لەرزینێکی هاوشێوەی بوومەلەرزە لە ناوچەکانی دەوروبەری دروستبوو، سوپای ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە لەو هێرشەدا تۆڕێکی تونێل و ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵای بە ئامانج گرتووە کە درێژییەکەی زیاتر لە دوو کیلۆمەتر بووە.

بەرزاییەکانی عەلی تاهیر دەکەوێتە نێوان هەردوو شارۆچکەی کەفەر تبنیت و نەبەتیەی سەرەوە لە باکووری رووباری لیتانی و بە بەرزیی نزیکەی 600 مەتر لە ئاستی دەریاوە هەڵکەوتووە، ئەم پێگەیەش لە رووی جوگرافی و سەربازییەوە بایەخێکی تایبەتی هەیە بەهۆی ئەوەی زاڵە بەسەر روبەرێکی فراوان لە باشووری لوبنان.