گەنجینەی ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنێک دژی سەرچاوە داراییەکانی ئێران دەستپێدەکات

وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بە ناوی "پەراوێزخستنی ئابووری" راگەیاند، بە مەبەستی بڕینی تەواوی سەرچاوە و شادەمارە داراییەکانی تاران، هاوکات بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییان لە جیهاندا کرد کە لە بەرامبەر پێدانی زانیاریدا، پاداشتی دارایی وەردەگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە ئێکس لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنی (Economic Outcast)یان بە ئامانجی پچڕاندنی هەموو ئەو هێڵە داراییانە دەستپێکردووە کە سووتەمەنی دەدەن بە ئێران و ئەو لایەنانەی هاوکاریی دەکەن.

وەزارەتەکە داوادەکات هەرکەسێک زانیاری لەسەر تۆڕ و ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات پاداشت دەکرێت و رایگەیاندووە "ئەمە هەلێکی نوێیە بۆ هەر کەسێک لە جیهاندا کە زانیاریی لەسەر ئەو سەرچاوە داراییانە لەبەردەستدایە."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە "ئەگەر زانیاریی جێبەجێکراو و بەسوودتان لەبەردەستدایە بۆ وەزارەتی گەنجینە، شایستەی وەرگرتنی پاداشتی دارایی دەبن، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە چ شوێنێکی جیهاندا دەژین یاخود کێ مووچەکەتان دەدات و خاوەنکارەکەتان کێیە."

لە کۆتایی پەیامەکەشدا هاتووە "ئەگەر شتێکت بینی، بێدەنگ مەبە و دەستبەجێ بیدرکێنە."