لە دەڤەری راپەڕین ژنێك خۆی سوتاند

بە گوتەی كەسوكاری باری دەروونی ناجێگیربووە

K24 - سلێمانی

ژنێك لە دەڤەری راپەڕین خۆی سوتاند و كەسوكاریشی دەڵێن، باری دەروونی ناجێگیربووە، پۆلیسی راپەڕینیش رایدەگەیەنێت "نەوتی بە جەستەی خۆیدا كردووە و ئاگری لەخۆی بەرداوە. لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە".

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای دەكات: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژنێك بەناوی ( ئـ . ح . ح ) لەدایک 1950 پیشەی ژنی ماڵ ، دانیشتووی گەڕەکی ئاشتی شارۆچكەی قەڵادزێ، لە ماڵەکەی خۆیدا سوتاوە کە بە گوێرەی راپۆرتی پزیشکی رێژەی سوتاونەكەی لە 60% و بەهۆی سەختی برینەکەشی رەوانەی سلێمانی کرا".

پۆلیسی راپەڕین روونیكردووەتەوە: "بە گوتەی کەسوکارەکەی ئەو ژنە باری دەروونی ناجێگیر بووە و بەو هۆیەشەوە نەوتی کردووە بە جەستەی خۆیداو ئاگری لەخۆی بەرداوە. پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوەو لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".

ھ.م