10 وڵات داوای کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی ئێران دەکەن

10 وڵات لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ئیدانەی کردەوە تیرۆریستییەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران و گرووپەکانی سەر بە بەرەی "مەقاوەمە"ـیان لە ناوچەکەدا کرد و داوایان لە تاران کرد دەستبەجێ کۆتایی بەو چالاکییانە بهێنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەو وڵاتانەی بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە بریتین لە ئەمریکا، ئەرژەنتین، کەنەدا، کۆلۆمبیا، کۆستاریکا، کۆماری دۆمینیکان، گویانا، پاراگوای، پیرۆ و ترینیداد و تۆباگۆ.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، مانگی رابردوو ئەمریکا و پاراگوای میوانداریی فۆرەمێکی هاوبەشیان کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پەڕینەوە لە سنوورەکان. ئامانجی فۆرەمەکە بەهێزکردنی هاریکاریی نێوان دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە وڵاتانی ناوچەکە بووە بۆ رووبەڕووبوونەوە و پەکخستنی چالاکییەکانی ئێران، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە.

بەیاننامەکە جۆرەکانی هەڕەشەی ئێرانی ریزبەند کردووە، کە بریتین لە پلاندانان بۆ کوشتن، کۆکردنەوەی پارە بە شێوەیەکی نایاسایی، دەستێوەردانی سیاسی، چالاکییەکانی نفووزی بیانی، هەروەها ئۆپەراسیۆن بە ئامانجی بەهێزکردنی تۆڕەکانی تیرۆر، ناچارکردنی ئەو کەسانەی وەک دوژمن تەماشا دەکرێن، دەستکاریکردنی پڕۆسە یاسایی یان کارگێڕییەکان و زیانگەیاندن بە ئاسایشی ناوچەکە.

وڵاتە واژۆکارەکان جەختیان کردەوە، بە یەکگرتوویی لەسەر بڕیاریان سوورن بۆ پاراستنی وڵات و گەلەکانیان لەو هەڕەشانە، هەروەها پێویستیی کۆتاییهێنانی دەستبەجێی ئێرانیان بەو کارانە دووپات کردەوە.

لە کۆتاییدا، بەیاننامەکە ستایشی هەوڵەکانی وڵاتانی ناوچەکەی کرد لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو چالاکییانە، لە نێویاندا ئەو پلانانەی ئامانجیان کوشتن بووە. وڵاتانی واژۆکار بەڵێنیان دا رێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بۆ راگرتنی ئەو چالاکییانە و هەماهەنگی و هاریکارییەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە چڕتر بکەنەوە.