كۆميسيۆن تيروپشك بۆ ژماره‌ى ليست و هاوپه‌يمانييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

بەشداری لایەنە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان جیاوازە

K24 – هه‌ولێر:

ژیار دزەیی، بەرپرسی تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دووشەممەی داهاتوو تیروپشک بۆ ژمارەی قەوارە و هاوپەیمانێتییەکانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەین.

بڕياره‌ رۆژى (30ى ئه‌يلوول/ سێپتێمبه‌رى 2018) پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

كۆميسيۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى له‌ هه‌رێمى كوردستان سه‌رقاڵى ئاماده‌كارييه‌كانى به‌ڕێوبردنى ئه‌و پرۆسه‌يه‌يه‌.

په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ 111 كورسى پێكدێت و 100 كورسييان له‌سه‌ر بنه‌ماى ژماره‌ى ده‌نگده‌ران و 11 كورسيشيان تايبه‌تن به‌ كۆتاكان پڕده‌كرێنه‌وه‌.

كۆتاكانى په‌رله‌مانى كوردستان پێكدێن له‌ كۆتاى كريستيان 5 كورسى و كۆتاى توركمان 5 كورسى و يه‌ك كورسيش ته‌رخانكراوه‌ بۆ كۆتاى پێكهاته‌ى ئه‌رمه‌ن.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش بەرپرسی تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکان گوتی: رێکارەکانی ئەنجامدان و بەشداری لایەنە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان جیاوازە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەڵام ئەگەر ئەرکی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە ئێمە بسپێردرێت، ئەوا پێویستمان بە نزیکەی 60 رۆژە بۆ ئامادەکارییەکان.