به‌شێك له‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ كه‌ركووك پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن

ره‌وانه‌ی پارێزگاكانی باشوور ده‌كرێن

K24 - هه‌ولێر:

بۆ پاراستنی ئەمنییەتی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و پۆلیسیی فیدراڵی لە کەرکووک پاشەکشەیانکرد.

عەلی حوسێنی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە کەرکووک رایگەیاند، لەسەر بڕیاری حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و پۆلیسی فیدراڵی لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەرەو پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق پاشەکشەیانکردووە.

گوته‌بێژه‌كه‌ی میلشیاكانی حه‌شد، گوتیشی: "ئامانج لە پاشەکشەپێکردنی ئەو هێزانە، پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی پارێزگاكانى باشووری عێراقه‌".

پێشتر میدیاکان بڵاویانکردبووەوە، لەسەر فەرمانی عەبادی زیاتر لە 30 هەزار سەرباز و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان رەوانەی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست کراون.

به‌هۆی نه‌بوونی ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌، خۆپیشاندان له‌ پارێزگاكانی باشووری عێراق ده‌ستیپیكردووه‌، ئه‌مڕۆ خۆپیشاندان له‌ پارێزگای به‌سره‌ گرژی تێكه‌وت و به‌ گوللـه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، خۆپیشانده‌رێك كوژرا و سێی دیكه‌ش برینداربوون.

ا. م