ده‌بێت كورد هه‌له‌كه‌ بقۆزێته‌وه‌و هه‌ڵه‌كه‌ دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌

"ده‌بێت خۆپیشاندانه‌كانی باشوور بقۆزرێته‌وه‌".

K24 - هه‌ولێر:

بەشێك لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان داوا دەكەن كورد لە كاتی بەشداریكردنی لە حكومەتی نوێی عێراق ھەڵەی ساڵانی رابردوو دووبارە نەكاتەوە و لایەنە سیاسییەكان بەیەك پاكێج بەشداری بكەن كە بەرژەوەندی نەتەوەیی بخرێتە پێش بەرژەوەندییە حزبییەكانیان. 

ئەوانەی لێرەن بەشێکی زۆریان، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقیان لەبیرە، ئێرە شوێنی کۆبوونەوەی رۆژانەی کەسانی خانەنشین و پەککەوتووە لە ھەولێر، ئەم پیاوە لە ساڵی شەستەکانەوە لەسەر میلاكی حکومەتی عێراق مامۆستا بووە، ئەو دەڵێ، خۆپیشاندانەکانی عێراق کۆنن و بەردەوام خۆپیشاندان لە عێراق ھەبووە، بەشێوەیەک ھەندێ خۆپیشاندان لە عێراق ئەنجامدراوە، بێ ئەوەی داواکاریان ھەبێت، پێشیوایە ئەو خۆپیشاندانەی ئێستای عێراق، دژی ئەو کەس و لایەنانەن کە دەمێکە غەدر لە کورد دەکەن، بۆیە پێویستە کورد ئەم ھەلە بۆ خۆی بقۆزێتەوە

خۆپیشاندان لە بەشێک لە شارەکانی باشووری عێراق بەردەوامه‌، لە کاتێکدا لایەنەکانی عێراق سەرقاڵی دروستکردنی گەورەترین ھاوپەیمانین، بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ، بە رای شارەزایانیش خۆپیشاندانەکان، لە لایەک پێکھێنانی حکومەتی نوێ دوا دەخات، لە لایەکی دیکەشەوە گۆرانکاری بەسەر ئەو ھاوپەیمانێتیانە دەھێنێت کە دروستکراون.

پێویستە حکومەتی نوێی عێراق، لە ماوەی شەش مانگ له‌ راگەیاندنی ئەنجامە فەرمیەکانی ھەڵبژاردن پێکبھێندرێت، کابینەی رابردوو بێ ئەوەی خۆپیشاندان ھەبێت، دوای ١٠ مانگ درووست بوو، بۆیە پێناچێت کابینەی ئەمجارە لەم بارودۆخە دژوارەی عێراق وا بە زووی پێکبھێندرێت.