ئێران كوێستانه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران و سیده‌كان بۆردومان ده‌كات

بریندار هه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

كه‌مێك به‌ر له‌ ئێستا، تۆپخانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران، كوێستانه‌كانی حاجی ئۆمه‌رانییان تۆپباران كرد و به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك ره‌وه‌ند، برینداربوون.

فه‌رزنگ ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی حاجی ئۆمه‌ران رایگه‌یاند، به‌هۆی بۆردومانه‌كه‌، ژماره‌یه‌ك ره‌وه‌ند گیریان خواردووه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆریش كوێستانه‌كانیان جێهێشتووه‌.

ته‌یفوور محه‌مه‌د، په‌یامنێری كوردستان 24 رایگه‌یاند، كۆماری ئیسلامی ئێران، كوێستانه‌كانی هه‌ردوو سنووری ناحیه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران و سیده‌كان به‌ چڕ بۆردومان ده‌كات.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له‌ حاجی ئۆمه‌ران، كوێستانه‌كانی پشتی زینوێ، دۆلی ئالانه‌ و گونده‌ژۆری بۆردومان كردووه‌، له‌ سیده‌كانیش، به‌ربزین و سنین بۆردومان كراون.

ئیحسان چه‌له‌بی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سیده‌كانیش به‌ په‌یامنێری كوردستان 24ی راگه‌یاند، به‌هۆی تۆپبارانه‌كانی ئێران، ئاگرێكی گه‌وره‌ له‌ كوێستانه‌كانی به‌ربزین كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

یه‌كێك له‌ ره‌وه‌نده‌كانیش، كه‌ له‌چركه‌ساتی بۆردومانه‌كه‌ له‌وێ بوونه‌، به‌ وێبسایتی كوردستان 24ی راگه‌یاند، ئێران به‌ چڕی كوێستانه‌كانی حاجی ئۆمه‌رانی بۆردومان كردووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ بریندار هه‌بووه‌ و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراون.

روونیشی كرده‌وه‌، ئه‌وانیش ناوچه‌ كوێستانییه‌كانییان جێهێشتووه‌ و رایانكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌لامه‌تی گیانی خۆیان ده‌رباز بكه‌ن.

وه‌ك له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانیشدا ده‌رده‌كه‌وێت، ژن و منداڵ و گه‌نجه‌ ره‌وه‌نده‌كان، كه‌ له‌ سنووره‌كه‌ن، ترسێكی زۆرییان لێنێشتووه‌ و شوێنه‌كه‌ جێده‌هێڵن.

كوێستانه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران

كوێستانه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران

كوێستانه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران

به‌ربزین - ناحیه‌ی سیده‌كان

ا. م