"بەرژەوەندییەکانی هەرێم و توركیا زیاترن له‌ گرفت و ناکۆکییه‌كان"

سه‌فین دزه‌یی: هه‌رێم به‌ ئامانجكردنی تورکیا و ئێران لە ناوچە سنوورییەکانەوە رەتدەکاتەوە

K24 - هه‌ولێر:

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو و ئەو بارودۆخەی کە دروستبوو لێکدوورکەوتنەوەیەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا روویدا، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بە تەواوی نەپچڕا".

دزەیی پێشوازی لە هەنگاوی حکوومەتی تورکیا کرد کە لەکاتی گرفتەکانیشدا دەروازە سنوورییەکانی دانەخست و بۆرییەکانی نەوتیشی نەگرتەوە.

لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی فه‌رمی توركیا، سەفین دزەیی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا گوتوویه‌تی: "پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی پتەو بووە و لە ساڵی ١٩٩١ ئەو پەیوەندییانە بەردەوام بوون، دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو بە هۆی ئەو لێکتێنەگەیشتن و ئەو بارودۆخەی کە دروستبوو لێکدوورکەوتنەوەیەک روویدا، به‌ڵام پەیوەندییەکانمان بە تەواوی نەپچڕا و خۆشبەختانە لەکاتی گرفتەکانیش حکوومەتی تورکیا دەروازە سنوورییەکانی دانەخست و بۆرییەکانی نەوتیشی نەگرتەوە، ئێمە پێشوازی لەو هەنگاوەی حکوومەتی تورکیا دەکەین".

گوته‌بێژه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: "هیوادارین سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و بە فەرمی بانگهێشتکردنی بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرکۆماری تورکیا لەدوای گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانی لە تورکیا هەنگاوی یەکەم بێت بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانمان، چونکە پەیوەندییەکانمان نەپچڕاوە و هیوادارین لە ئاستی جاران باشتر ببێت".

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەشکرد کە بەرژەوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان زۆر زیاترن له‌ گرفت و ناکۆکی و خاڵی لاواز و گوتی: "پێموایە ئەگەر کێشەیەکیش لەنێوانماندا هەبووبێت بەرژەوەندییەکانمان زۆر زیاترن لەوەی گرفت و ناکۆکی و خاڵی لاواز لەنێوانماندا هەبێت و هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا دیداری باش لە نێوان هەردوولا ئەنجام بدرێت و هەردوولا بتوانین هاوکار بین لەگەڵ یەکتر بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی دوولایەنە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بەرژەوەندی دوولایەنە و ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەكه‌دا".

دزەیی نیگەرانی دەربڕی لە بوونی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان و رایگەیاند: "بوونی ئەوان لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن و بە رەزامەندی خەڵکی ناوچەکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە".

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت: "پەکەکە بەزۆر خۆی لەو ناوچانەدا سەپاندووە و بووەتە هۆی ئەوەی کە نزیکەی ٣٠٠ گوندی ناوچەکە چۆڵ بکرێن و ئەو ناوچانە وەک پێویست ئاوەدان نەکرێنەوە و خەڵکەکەیشی چۆڵی بکەن".

جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردنە ئامانجی خاکی تورکیا و ئێران لە لایەن پەکەکە و چەکدارانی دژبەری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانەوە، رەتدەکاتەوە.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئه‌نادۆڵوی فه‌رمی توركیا