ئاگری خۆپیشاندانه‌كان عه‌ره‌به‌كانی كهركووكییشی هێنایه ده‌نگ
هۆزه عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك: خۆپیشاندان مافێكی ره‌وایه نابێت به‌رهه‌ڵستی بكرێت
K24- هه‌ولێر:
هۆزه‌كانی تیره‌ی عوبێد له پارێزگای كه‌ركووك پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندانی پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق راگه‌یاند.
له‌مباره‌یه‌وه ئه‌نوه‌ر عاسی، سه‌رۆكی هۆزه‌كانی تیره‌ی عوبێد له لێدوانێكدا بۆ سومه‌ریه نیوزی راگه‌یاند، "ئێمه وه‌ك هۆزه‌كانی عوبێد و هۆزه‌كانی دیكه‌ی عه‌ره‌ب له پارێزگای كه‌ركووك، پشتگیری خۆمان بۆ ئه‌و خۆپیشاندانانه راده‌گه‌یه‌نین، كه له شاره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چن و داوای مافه‌كانیان و دادگاییكردنی گه‌نده‌ڵكاران ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی هێرش نه‌كرێته سه‌ر سامانی گشتی ده‌وڵه‌ت".
عاسی گوتیشی، "هۆزه عه‌ره‌به‌كان پاڵپشتی له‌و هه‌ڵوێسته‌ی خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن كه له شاری به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی وڵات به‌دی ده‌كرێت".
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، "نابێت هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ر خۆپیشانده‌ران، چونكه خۆپیشاندان مافێكی ره‌وای مرۆڤه و له ده‌ستووری عێراقی و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤیش جێگیركراوه، ئێمه جه‌خت له‌سه‌ر پاڵپشتی خۆمان بۆ ئه‌وان ده‌كه‌ینه‌وه"، گوتیشی، "خۆپیشاندان یه‌كێتی گه‌ل به‌هێز ده‌كات و رووبه‌ڕووی ئه‌و گه‌نده‌ڵكارانه ده‌بێته‌وه كه وڵاتیان وێران كرد و ژێرخانی عێراق و مێژووه‌كه‌یان له‌كه‌داركردووه".
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك له‌كاتێكدایه، كه ماوه‌ی 2 هه‌فته‌یه خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و بڵاوبوونه‌وه‌ی بێكاری و گه‌نده‌ڵی شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقی ته‌نیوه، هاوكات ئه‌و خۆپیشاندانانه چه‌ندین حاڵه‌تی ده‌ستدرێژی و توندوتیژی به‌خۆیه‌وه بینیوه، تائێستا 15 خۆپیشانده‌ر به گوللـه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان كوژراون و به سه‌دانی دیكه‌ش بریندار بوونه، له‌كاتێكدا سه‌دان خۆپیشانده‌ریش له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستگیركراون و زيانى زۆریش به‌سامانی ده‌وڵه‌ت گه‌یه‌ندراوه.
H.B