ئەردۆغان لەسەر وازهێنانی ئۆزیل لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دێتە دەنگ

ئەردۆغان دەستخۆشیی لە ئۆزیل دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەرامبەر وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەستخۆشیی لە مەسعوود ئۆزیل دەکات.
ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی لە پەرلەمانی تورکیا لە ئەنقەرە لەبارەی وازهێنانی ئۆزیل بە میدیاکانی راگەیاند، دوێنێ دووشەممە قسەم لەگەڵ ئۆزیل کرد، بەداخەوە وێنەگرتنی ئۆزیلیان لەگەڵ من پێ قبووڵ نەکرا، من بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی قسەکانی ئۆزیل دەکەم.
بەهۆی ئەوەی دوو مانگ لەمەوبەر ئۆزیل وێنەیەکی لەگەڵ ئەردۆغان گرت، میدیاکانی ئەڵمانیا بە تووندی هێرشیان کردە سەر ئۆزیل و ئەمەیان بە بێڕێزی بەرامبەر وڵاتەکەیان هەژمارکرد، تەنانەت داوایان کرد بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2018 بانگهێشت نەکرێت، لۆتەر ماتیۆسی ئەفسانی تۆپی پێی ئەڵمانیاش دوای مۆندیال رایگەیاند دەبوا بەهۆی وێنەکەی لەگەڵ ئەردۆغان بانگهێشتی ئۆزیلمان نەکردبا بۆ مۆندیال.
ئەنگێلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیاش دوێنێ رایگەیاند پێویستە رێز لە بڕیارەکەی ئۆزیل بگیردرێت.