خوێندنی باڵا رێکاری رەفتاری پیشەیی مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ بڵاودەکاتەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی "ڕێکاری ڕەفتاری پیشەیی مامۆستایانی زانکۆ و رەفتاری قوتابیانی زانکۆ"ی بڵاوکردەوە، ئەمەش بە ئامانجی دیاریکردنی ستانداردە پیشەییەکان و فەراهەمکردنی دادپەروەری لە ناوەندەکانی خوێندندا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە پێناو دیاریکردنى ستانداردەکانى رەفتارى پیشەیی مامۆستایانی زانکۆ و رەفتارى قوتابیان لە ئاستەکانی خوێندنى بەرایی، خوێندنى باڵا و بۆردى کوردستانى، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رێکارەکەی ئیمزا کردووە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە، ئامانج لە دەرکردنی ئەم ڕێکارە بریتییە لە:
پاراستنى بەرژەوەندیی گشتى.
فەراهەمکردنى شەفافیەت، یەکسانى و دادپەروەرى.
دیاریکردنی ئاکار و رەفتارى پیشەیی رەسەن لە نێوان مامۆستایانی زانکۆ و قوتابیان لە سەرجەم قۆناخەکانى پڕۆسەى خوێندندا.
هەروەها روون کراوەتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم رێکارە گشت زانکۆ، ئەنجوومەن، دەستە، کۆلێژی زانکۆیی و پەیمانگە حکوومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.