ئێران جیا لە جەنگ بژاردەی دیکەی بۆ ئیسرائیل و ئەمەریکا پێ نییە

تاران ئاگری ماڵەکەی بۆ دیمەشق دەگوازێتەوە

K24- هه‌ولێر:

واشنتن و تاران بەردەوامن لە لێدوانە دژبەیەکەکانیان، لە کاتێکدا ئیسرائیل و سووریاش تادێت زیاتر هێزەکانیان لەسەر سنوورەکان کۆدەکەنەوە.

رۆژی دووشەممە (23/07/2018)، سوپای ئیسرائیل، بۆیەکەمینجار سیستەمی بەرگری دەیڤدیس سلینگی لە بەرزایەکانی جۆلان (ناچەیەکی سنووری جێناکۆکی نێوان ئیسرائیل و سووریایە و لەژێر دەستی سوپای ئیسرائیلە) جێگیرکرد کە توانای خستنەخوارەوەی فرۆکە و مووشەکی دوورهاوێژی هەیە. دوێنێ سێشەممەش، لە رێگای دوو موشەکی پاتریۆت، سوپای ئیسرائیل فرۆکەیەکی جەنگی سووریای لە ئاسمانی وڵاتەکەی خستەخوارەوە.

لە لایەکی دیکەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران، تاران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات کە بەم هەنگاوەی رێگری لە کەشتییە نەوتییەکانی پێنج وڵات دەکات بگەنە بازاڕەکانی جیهان، مایک پۆمپیۆش، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، داوا لە خەڵکی ئێران دەکات رووبەڕووی رژێمی تاران ببنەوە.  

ئەوەی ئەم چوار وڵاتە پێکەوە دەبەستێتەوە، دووژمنی هاوبەشە. سووریا و ئێران لە ئێستادا دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا کارەکانیان دەکەن، بەجۆرێک میلیشیا ئێرانییەکان لە خاکی سووریادا، بە کردار دژی ئیسرائیل کاردەکەن.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، یۆسی کوپەرواسەر، فەرماندەیەکی پێشووی سوپای ئیسرائیل، پێشتر ئەوەی ئاشکرا کردبوو: "میلیشیا ئێرانییەکان بە جلی سەربازی سوپای سووریاوە لەناوخاکی سووریا چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن".

ئەگەر نزیکبوونەوەی سوپای سووریا لە سنوورەکان بەردەوامبێت، ئەگەری زۆرە پێش گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران، جەنگێکی نوێ هەڵبگیرسێت.

رۆژی دووشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و ڤالێری گێراسیمۆڤ، سەرۆک ئەرکانی سوپای رووسیا، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی نزیکبوونەوەی سوپای سووریا و ئێران لە سنوورەکانی ئیسرائیل، لەگەڵ بێنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گەشتنە قودس.

بەگوێرەی زانیارییەکانی نیویۆرک پۆست، رووسیا بژاردەی ئەوەی داوەتە ئیسرائیل، کە رێگابدات سوپای سووریا لە سنوورەکانی جێگیرببن، بەڵام 100 کیلۆمەتر مەتر دووربن لە خاکی ئیسرائیل.

بەڵام ئەمە بۆ ئیسرائیل قبووڵکردنی سەختە ، چونکە بوونی هەرجۆرە هێزێکی ئێرانی لەناوخاکی سووریادا لە لایەن ئیسرائیلەوە چەندین جار رەتکراوەتەوە، هۆکاری ئەوەش کە دانووستان لەگەڵ مۆسکۆ دەکات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئیسرائیل نایەوێت فرۆکە جەنگییەکانی رووسیاش بکاتە دوژمنی خۆی.

تاران دەبێت دەست لە سووریا هەڵبگرێت، هەم بۆ دروستنەبوونی پێکدادان لەگەڵ ئیسرائیل، هەم بۆ باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ واشنتن، خۆ ئەگەر پێچەوانەکەی رووبدات، پێش داخستنی گەرووی هورموز، پێکدادانی ئەو وڵاتە دژ بەیەکانە لە سووریا روودەدات.

H.J