فەرحان شوکر بەفەرمی لە نەجەفەوە پەیوەندیی بە نەفتی بەغداد کرد
بەرامبەر 135 ملیۆن دینار بۆ ماوەی دوو وەرز گرێبەستەکەی واژوو کردووە
بارزان ئەکرەم
فەرحان شکور بەفەرمی لە نەجەفەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی نەفتی بەغدادەوە کرد.
فەرحان شکوری ئەستێرەی کورد و هێرشبەری پێشووی یانەی هەولێر بەفەرمی لە یانەی نەجەفەوە پەیوەندی بە ریزەکانی نەفتی بەغداد کرد، کە وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی نەجەف 14 گۆڵی بۆ یانەکە لە خولی نایابی عێراق تۆمارکرد، لە کاتێکدا لە دوایین هەشت گەڕی خولەکە یاریی نەکرد.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی کوردستان24 فەرحان بەرامبەر 135 ملیۆن دینار بۆ ماوەی دوو وەرز گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە نوێیەکەی واژووکردووە، کە فەرحانی 22 ساڵان کێشەی لەگەڵ کارگێڕی یانەی نەجەف هەبوو، نزیکەی 100 ملیۆن دیناری لە گرێبەستەکەی لەلایەن یانەی نەجەفەوە پێنەدراوە.
فەرحان شکور لە ساڵی 1995 لە کەرکووک لەدایکبووە، پێشتر یاریی بۆ یانەکانی زەوڕا و هەولێر و سلێمانی کردووە و پێشتر بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراقیش کراوە.
