سوپای پاسداران وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەداتەوە
"ئێران فڕۆكە جنگییەكان نوێ دەكاتەوە"
K24 - ھەولێر
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت، وەڵامدانەوە بە ھەڕەشەكانی ئەمریكا دژ بە نەوتی ئێران ئاسانە.
محەمەد عەلی جەعفەری، ئەمرۆ لە مەراسیمی پێشكەشكردنی 10 فڕۆكەی سوخۆی 22 بە ھێزی ئاسمانی وڵاتەكەی رایگەیاند، پێشكەوتنەكانی سوپا لە بواری سەربازی بەتایبەت موشەك و سیستمی بەرگری وایلێكردین بڕیار بە دووبارە نوێكردنەوەی سەرجەم فڕۆكە جەنگییەكان بدەین.
جەعفەری، جارێكی دیكە لەو كۆبوونەوەیەدا رووی قسەكانی كردە ئەمریكا و گوتی "بەشێك لە بەرھەمە مووشەكیەكانی سوپا بە دووری 2000 كیلۆمەتر توانایی پێكانی ئامانجیان ھەیە و ئەگەر ئەو قسەیە بە گوێی سەرۆكی ئەمریكا بگاتەوە، ھیچكات ئەو بوێریە بەخۆی نادات ھەڕەشەی گەمارۆدانی نەوتی وڵاتەكەمان بكات".
ئەو گوتانەی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت كە چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا، بە توندی وەڵامی سەرۆك كۆماری ئێرانی دایەوە رایگەیاند "ھیچكات زمانی ھەڕەشە دژ بە ئەمریكا بەكار نەھێنێت ئەگەرنا دەرئەنجامی خراپی دەبێ".
ھ.م