کاڤانی لە ریال مەدرید شوێنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەگرێتەوە؟

کاڤانی حەز دەکات لە پاریس سانجێرمان بڕوات

ئێدینسۆن کاڤانی دەیەوێت رووبکارە ریزەکانی ریال مەدریدی ئیسپانی و شوێنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بگرێتەوە، بەڵام ریال مەدرید تاکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی نەناوە.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی ئاشکرایکردووە، ئێدینسۆن کاڤانی پێشوازیی لە هەر ئۆفەرێکی ریال مەدرید دەکات ئەگەر بۆ کڕینی پێشکەشی پاریس سانجێرمانی بکات، تەنانەت بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە مەدریدییەکە کاڤانی ئامادەیە ئەگەر ریال مەدرید بیەوێت بیگوازێتەوە ریزەکانی، ئەو فشار بخاتە سەر یانەکەی و داوای لێبکات گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکەن بۆ ئەوەی لە پاریس سانجێرمان بڕوات.

بەڵام رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی رایگەیاندووە، ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکاتەوە کاڤانی بگوازێتەوە ریزەکانی، چونکە کریستیانۆ رۆناڵدۆی 33 ساڵانی نەفرۆشتووە تاکو کاڤانی 31 ساڵان بکڕێت، ریال مەدرید پێیوایە تەمەنی هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکە زۆرە و نرخەکەشی بەرزە، بۆیە ریال مەدرید جارێک بیر لە هێرشبەری ژمارە 9 ناکاتەوە.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی