تره‌مپ هه‌ره‌شه‌ی جدی له توركیا ده‌كات
واشنتۆن ئه‌نقه‌ره له‌سه‌ر زیندانیكردنی قه‌شه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی سزا ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه، واشنتۆن سزای ئابووری ده‌خاته سه‌ر ئه‌نقه‌ره، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌و قه‌شه ئه‌مریكییه ئازاد نه‌كات كه به تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی له گروپی فه‌تحولا گوله‌ن له توركیا ده‌ستگیركراوه.
ئه‌م هه‌ره‌شه‌ی تره‌مپ له تویتێكدا هاتوون، كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكردۆته‌وه و نووسیویه‌تی، "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا توركیا له‌سه‌ر زیندانیكردنی ئه‌ندرۆ برانسۆن بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ سزا ده‌دات" و به‌وه وه‌سفی قه‌شه ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی كردووه، كه "كریستیانێكی گه‌وره‌یه و سه‌رپه‌رشتی خێزانێكه و مرۆڤێكی زۆر باشه".
The United States will impose large sanctions on Turkey for their long time detainment of Pastor Andrew Brunson, a great Christian, family man and wonderful human being. He is suffering greatly. This innocent man of faith should be released immediately!
— Donald J. Trump (@realDonaldTrump) July 26, 2018
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، برانسۆن نه‌هامه‌تی زۆری هه‌یه، داوای ده‌ستبه‌جێ ئازادكردنی له ئه‌نقه‌ره كرد و گوتی، "ئه‌و كه‌سێكی باوه‌ڕدار و بێتاوانه".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، به‌ر له‌وه‌ی تره‌مپ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی له تۆڕی تویته‌ر بڵاوبكاته‌وه، ئه‌مڕۆ له گوته‌یه‌كدا له په‌راوێزی كۆنگره‌ی ئازادییه ئاینییه‌كان له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بهڵێنیدا، ئه‌گه‌ر به‌زووترین كات قه‌شه ئه‌مه‌ریكییه‌كه ئازاد نه‌كات و نه‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی، توندترین سزای ئابووری به‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌دا ده‌سه‌پێنن.
پێنس گوتی: "به‌ناوی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاوه په‌یامێك ئاراسته‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا و حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌كه‌م: پێویسته له‌سه‌رتان قه‌شه ئه‌ندرۆ برانسۆن ئازاد بكه‌ن، یانیش ده‌بێت به‌رگه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كان بگرن".
ئه‌ندرۆ برانسۆن، به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌مه‌ریكییه و له‌دایكبووی ساڵی 1968ـه، خێزانداره و 3 منداڵی هه‌یه، بڕوانامه‌ی دكتۆرای له زانسته ئاینییه‌كان له ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌ستهێناوه و ماوه‌ی 23 ساڵ له توركیا قه‌شه‌ی كلێسای پرۆتستانته‌كانی ئیزمیر بووه.
ناوبراو له 7ی ئوكتۆبه‌ری ساڵی 2016 له‌لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه به‌تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی له رێكخراوه‌كه‌ی فه‌تحوللا گوله‌ن و تێوه‌گلانی له كوده‌تاكه‌ی شه‌وی 15ی ته‌مممووزی ساڵی 2016 له توركیا، له‌گه‌ڵ 12 له هاوڕێكانی و هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ستگیركرا. دوای 13 رۆژ له ده‌ستگیركردنی، هاوسه‌ره‌كه‌ی ئازادكرا، به‌ڵام تائێستا برانسۆن له زیندانه.





H.B