دوای کورد و سوننە، ئایا شیعەکان دەتوانن سیستەمی حوکمڕانی بگۆڕن؟

خۆری هیوای خۆپیشاندەران بەرەو ئاوابوون دەچێت لە باشوور

K24 – هه‌ولێر:

سیاسەتی پێشووی زۆرینە شیعەکانی عێراق بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە سوننەکان دەست بە جیهاد بکەن و هەرێمی کوردستانیش پەنا بۆ ریفراندۆم بەرێت، بەڵام ئێستا شیعەکان، خۆیان قبووڵی سیاسەتی سەرکردە شیعییەکان ناکەن. پرسیارەکەش لێرە ئەوەیە، ئایا دوای بێ ئومێد بوونی کورد و سوونە لە گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە، شەقامی عێراق و شیعەکان خۆیان دەتوانن بیگۆڕن؟

ئەگەرچی لەسەرەتای خۆپیشاندانەکان حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، 10 هەزار هەلی کاری راگەیاند، بەڵام ئەمە خۆپیشاندەرانی قایل نەکردوو زیاتردەستیانبرد بۆ سووتاندنی بارەگای پارتە سیاسییەکانی باشوور، ئەمەش وایکرد عەبادی پەنا بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکان بەرێت. لەکاتێکدا، حکوومەتی عێراق جیا لە خۆپیشاندانەکان، بە دەست ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مانگی پێنج دەناڵێنێت.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیکانمیست، لە دوای ساڵی 2003، هاووڵاتیانی شیعە بە دەنگ، خوێن و پارە پشتگیریان لە پارتە شیعییەکان دەکرد. تەنانەت گوێیان بە گەندەڵی و دزینی نەوت نەدەدا، ئاکام ئێستا شارە شیعییەکان تەواو بێ خزمەتن و بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن.

ئەمەش وایکردووە کە هاووڵاتیان تەواو بۆ هیوا ببن و چیدی ئامادەنەبن لە ژێر چەتری ئەو دەسەڵاتە بژین. خۆپیشاندەران هێرشیانکردۆتە سەر بارەگاکانی حشدی شعبی و داوای دەرکردنی ئێران دەکەن لە وڵاتەکەیان. تەنانەت لە شەقامە گشتییەکانی شاری بەسڕە، هێرشکرایە سەر وێنەکانی ئیمام خومەینی. لە شاری نەجەفیش، هێرشکرایە سەر بارەگای ئایەتوڵاکان و لە سەر ئۆتۆمبێلی هەندێک لە کەسایەتییە ئاینییەکان، خۆپشاندەران لەرێگەی پۆستەرێکەوە دەیانووسی: "ئێوە هەموو دزن".

ئاماژەکان وا دەردەخەن، بەهۆی نەبوونی پشتگیری هیچ لایەنێکی سیاسی دیار، وردە وردە خۆپیشاندانەکان بەرەو نەمان بچن. لە رابردوودا، موقتەدا سەدر، وەک کەسێکی دیار و کاریگەری شیعەکان، دەیتوانی خۆپیشاندەران یەکبخات و بە گەرمی بیانهێڵێتەوە، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنەکان، ئێستا ئەویش رەنگە ئەوەندەی چاوی لە دەسەڵات بێت ئەوەندە چاوی لە شەقام نەبێت.

جیا لەمەش، ئەمەریکا نایەوێت گۆڕانکاری لە سیستەمی حکومڕانی عێراقدا بکرێت، چونکە لای واشنتن ئەوەی گرنگە ئەوەیە، هەناردەی نەوتی عێراق نەوەستێت تاکو سزاکانی سەر هەناردەی نەوتی ئێران کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی جیهان زۆرنەبێت. ئەمەریکییەکان ئەوەشیان پێخۆشە کە خۆپیشاندەران، دژی هەژموونی ئێران هاوار دەکەن، بەڵام دەزانێت دەکرێت ئەمە لەلایەن بەرپرسە ئێرانییەکانی عێراق بەکاربێت بۆ لێدان لە ئەمەریکا لەناو عێراق.

ئێستا خۆپیشاندەرانی عێراق جیا لە خۆیان کەسییان نییە پشتی پێببەستن، تەنها خۆشیان دەتوانن گۆڕانکاری ئەنجام بدەن، بەڵام لە وڵاتێکی وەک عێراق رەنگە ئەمە زۆر سەخت بێت.

‌H.J