توركيا بۆ رێگرتن له‌ هێرشى ئه‌سه‌د بۆ سه‌ر ئيدلب به‌ هه‌موو مه‌رجێكى رووسيا رازييه‌

پرسيارێك دێته‌ پێشه‌وه‌، بۆ ره‌وشى ئيدلب چى بكرێت

K24 – هه‌ولێر:

به‌ ناونيشانى "سه‌رنجێك له‌ باره‌ى باكووره‌وه‌"، شاره‌زاى رووسى، ئه‌ندريه‌ ئونتيكۆڤه‌، وتارێكى له‌  رۆژنامه‌ى (ئيزڤستيا)، سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى ئيدلب، په‌يوه‌ندييه‌كانى رووسيا و توركيا و ستراتيژى يه‌كخستنه‌وه‌ى سووريا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ وتاره‌كه‌دا هاتووه‌:

له‌گه‌ڵ نزيكبوونه‌وه‌ى واده‌ى جوڵانى هێزه‌كانى ئه‌سه‌د له‌ دژى گرووپ و ميليشياكان له‌ ئيدلب، پرسيارێك دێته‌ پێشه‌وه‌، بۆ ره‌وشى ئيدلب چى بكرێت و كاردانه‌وه‌كانى توركيا چۆن ده‌بن.

رووسيا له‌و نێوه‌دا ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م تاقيكردنه‌وه‌يه‌كى گه‌وره‌. به‌ هۆى هه‌بوونى په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ توركيا و تێكگيرانى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ له‌ ئيدلب.

توركيا هه‌وڵى سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌سه‌ر ئيدلبدا ده‌دات. به‌ تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى له‌ 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى رابردوو، هێرشى زه‌مينى و ئاسمانى بۆ سه‌ر كورده‌كان له‌ عه‌فرين ده‌ستپێكرد.

گردبوونه‌وه‌ى ميليشيا به‌رهه‌ڵستكاره‌كان له‌ ناوچه‌ نيمچه‌ ئارامه‌كان، مه‌ترسى بۆ سه‌ر تێكچوونى هاوسه‌نگى هه‌ماهه‌نگى به‌رده‌وامى نێوان رووسيا و توركيا درووستكردووه‌.

ئاماژه‌ هه‌ن، كه‌ لايه‌نه‌كان ده‌يانه‌وێت قه‌يرانى ئيدلب به‌ ئاشتى چاره‌سه‌ر بكه‌ن. به‌ تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى توانرا به‌ ئاشتيانه‌ خه‌ڵكى شارۆچكه‌كانى فوعا و كفرياى شيعه‌ نشين بگوازرێنه‌وه‌، كه‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك بوو له‌ ژێر گه‌مارۆدا بوون.

ميدياى عه‌ره‌بى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كفريا و فوعا نه‌ده‌هاته‌دى ئه‌گه‌ر توركيا و رووسيا رۆڵيان تێدا نه‌گێڕايه‌.

له‌ نوێترين پێشهاتدا، ميدياى توركيا بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌نقه‌ره‌ كاغه‌زى سپى بۆ مۆسكۆ ناردووه‌ له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنى ره‌وشى ئيدلب به‌ جۆرێك كه‌ له‌ ژێر هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتى توركيا ده‌رنه‌چێت.

نه‌خشه‌كه‌ى توركيا به‌م جۆره‌يه‌ و بڕياره‌ كۆنگره‌يه‌كى گشتى به‌رهه‌ڵستكاران له‌ دوو هه‌فته‌ى داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت. توركيا داواى له‌ ميليشيا توندڕه‌وه‌كانيش كردووه‌ له‌و كۆنگره‌يه‌ به‌شدارى بكه‌ن بۆ تاوتوێكردنى ره‌وشى ناوچه‌كه‌. هه‌روه‌ها داواشى لێكردوون، چه‌كه‌ قورس و مامناوه‌ندييه‌كانيان بخه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى توركياوه‌. سوپايه‌كى نيشتيمانى بۆ گرووپه‌ ميليشياييه‌كان درووست بكرێت. توركيا ده‌سته‌به‌رى ژيان و سه‌لامه‌تى ئاوايى و شارۆچكه‌كان له‌ ناوچه‌ نيمچه‌ ئارامه‌كان بكات. له‌ به‌رامبه‌ريشدا رووسيا زه‌مانه‌تى ئه‌وه‌ بكات، سووريا هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئيدلب.

 ئ.ر