لە باخچەیەکی ئاژەڵان گوێدرێژێک کراوە بە زێبرا
"رەنگیان کردووە تاکو سەردانکەران نەزانن گوێدرێژە"
K24 - ههولێر:
لە باخچەیەکی ئاژەڵانی شاری قاهیرەی میسر، گوێدرێژێک بۆیاخکراوە و کراوە بە زێبرا، بەڵام بەهۆی گەرما بۆیاخەکە دەتوێتەوە و کارەکە ئاشکرادەبێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، کەسێک بە ناوی مەحموود سەرحان، وەک سەردانکەرێک دەچێتە باخچەی ئاژەڵانەکە کە تازە کراوەتەوە، بەڵام کاتێک سەیری گوێ و بۆیاخی گوێدرێژەکە دەکات، دەزانێت کە ئەو ئاژەڵە زێبرا نییە، بەڵکو گوێدرێژە و بۆیاخکراوە.
دواتر مەحموود وێنەیەکی خۆی و گوێدرێژەکە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاودەکاتەوە، لەسەری دەنووسێت: "گەمژەی لەم وڵاتە گەشتۆتە ئەو قۆناخەی گوێدرێژێکی خۆماڵیان هێناوە و وەک زێبرا بۆیاخیانکردووە".
لە ساڵی 2013، هەر لە وڵاتی میسر، سەگێکی گەورە کرابووە شێر، بەڵام کاتێک چەند سەردانکەرێک لێی نزیکبووبونەوە، سەگەکە وەڕی بوو. دوای وردبوونەوەی زیاتری سەردانکەران، "شێرەکە" سەگ دەرچوو.
H.J