ئەمەریكا "ناتۆی عەرەبی" دژی ئێران دروست دەکات

وڵاتانی کەنداو، میسر و ئوردن دەگرێتەوە

K24 - هه‌ولێر:

بۆ دروستکردنی بەرەیەکی دیکەی دژ بە ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێ لە نێو وڵاتانی عەرەبی دەدات.

بە گوێرەی راپۆرتێکی سایتی عەرەب نیوز، ئەمەریکا دەیەوێت هاوپەیمانێتییەک لەسەر بنەمای سیاسی و ئەمنی لە نێوان وڵاتانی میسر، ئەوردن و شەش وڵاتی کەنداو دروستبکات.

کۆشکی سپی دەیەوێت هاوشێوەی رێکخراوی ناتۆ، هاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی لەسەر بنەمای مووشەکی بەرگری، راهێنانی سەربازی و کاری هاوبەشی دژە تیرۆر دابمەزرێت.

بڕیارە ناوی ئەو هاوپەیمانێتییە، هاوپەیمانی ستراتیژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت و وتەبێژێکی ئاسایشی نەتەوەی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لەوبارەوە بە عەرەب نیوزی گووتوە: "هاوپەیمانی ستراتیژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی داگیرکارییەکانی ئێران، تیرۆر، تووندڕەوی کاردەکات و هەروەها ئامانجیشی ئەوەیە ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێنێتەو".

واشنتن و ریاز و ئەبو زەبی پێیان وایە ئێران لە رێگای دروستکردنی میلیشیای جیاواز، سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە بۆ ئەوەش دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش بە چارەسەر دەزانن.

H.J