رێگایەک بۆ کەمکردنەوەی کالۆری برنج بە رێژەی 60% ئاشکرا دەکرێت

بۆ ئەوانەی حەز بە برنج دەکەن و نایانەوێت کێشیان زیاد بکات

K24- هه‌ولێر:

کوپێک برنج بڕی 200 کالۆری تێدایە، ئەمەش وایکردوە بڕێکی کەمی برنجیش، کاریگەری لەسەر کێشی مرۆڤ دروستبکات، بەڵام توێژینەوەیەک چۆنیەتی کەمکردنەوەی کالۆری برنج بە رێژەی 60% ئاشکرا دەکات.

برنج لە جۆرێکی تایبەتی کاربۆهیدرایت و نیشاستەی هەرسکەر کە پێی دەگوترێت "نیشاستەی بەرگریکار" پێکدێت. مرۆڤ خاوەنی ئەو ئەنزیمە نییە کە دەتوانێت نیشاستەی بەرگریکار هەرسبکات، ئەمەش وادەکات برنج لە لایەن لەشی مرۆڤەوە راستەوخۆ بۆ شەکر نەگۆڕدرێت و نەچێتە سووڕی خوێنەوە، بەڵکو بەریخۆلە باریکەدا تێدەپەڕێت و لەلایەن کۆڵۆنەوە سووت و ساز(مێتابۆلایز) دەکرێت. ئاکام برنج بۆ ترشی چەوری دەگۆڕدرێت.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی کۆلێژی زانستی کیمیای لە سریلانکا کە رۆژنامەی تایمز بڵاویکردۆتەوە، دەکرێت بە رێگایەک نیشاستەی هەرسکەری برنج بۆ نیشاستەی هەرسنەکراو بگۆڕدرێت و بەمەش رێژەی کالۆری 60% کەمدەکات.

کاتێک ئاوی برنج گەرم دەکەیت، یەک کەوچک رۆنی گوێزی هندی تێبکە، پاشان کوپێک برنج بخە ناو ئاوە کوڵاوەکە و بۆ ماوەی 40 خولەک بیکوڵێنە. دوای کوڵاندنی، ماوەی 12 کاتژمێر لەناو ئامێری ساردکەرەوەدا بیهێڵەرەوە.

دەبێت هۆشیاریش بیت لە هەڵبژاردنی جۆری برنجەکەت، چونکە هەندێک برنج بە شێوەیەکی کیمیای دەوڵەمەند دەکرێن بە ڤتیامین و کانزاکان، خۆ ئەگەر ئەو هەنگاوانەی باسکران لەسەر برنجێکی متمانەپێکراوە ئەنجام بدەیت، ئەوا برنجەکەت چیدی وەک پێشوو نابێتە هۆی زیادبوونی کێشت.

 

‌H.J