بە بەڵگە.. گاریس بەیل سوودمەندی یەکەمی رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبێت

ئامارەکانی گاریس بەیل بەبێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید باشترن

ریال مەدرید خۆی بۆ سەردەمی دوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئامادە دەکات، تاکو ئێستا گاریس بەیل بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی ببێتە جێنشینی کریستیانۆ لە ریال مەدرید.
تاکو ئێستا ریال مەدرید هیچ سوپەر ستارێکی بۆ شوێنگرتنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ نەبردووەتە ریزەکانی، بۆیە پێشبینی دەکرێت تەلیسمی سەرکردایەتیکرندی شایانەکان بۆ وەرزی داهاتوو بدرێتە دەستی بەیل، ئەو یاریزانە وێلزییە لە کۆتایی وەرزی رابردوو خۆی بۆ بەجێهێشتنی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامدەکردبوو، بەڵام ئێستا پێویستە خۆی بۆ قۆناخێکی نوێ ئامادە بکات.

لە ماوەی پێنج وەرزی یاریکرندی بەیل لە ریال مەدرید هەژموونی کریستیانۆ بەسەر بەیل بە روونی دیاربوو، بەیل لەو یارییانەی لەگەڵ کریستیانۆ لە ریال مەدرید یاریی کردووە، رێژەی گۆڵکرندی لە هەر یارییەک 0,46 گۆڵ بوو، بەڵام لەو یارییانەی بەیل بەبێ کریستیانۆ درێسی مێرێنگی دەپۆشی، رێژەی گۆڵکردنی لە هەر یارییەک 0,81 گۆڵ بوو لە هەر یارییەک، واتە بە یاریی نەکردنی کریستیانۆ، رێژەی گۆڵکردنی بەیل 0,35 زیادی دەکرد.

گاریس بەیل بەبێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید 27 یاریی ئەنجام داوە، 22 گۆڵی کردووە، 21 بردنەوەی بۆ مەدریدییەکان بەدەستهێناوە، واتە ریال مەدرید لەگەڵ بەیل بەبێ کریستیانۆ رێژەی سەرکەوتنی %78 بووە، بەیل لەو یارییانەی سەرکردایەتی یانەکەی کردووە لە دوو یاریی یەکسانبووینە و تەنیا لە چوار یاری تامی شکستیان کردووە.

بەیل لەوەتەی هاوینی 2013وە 189 یاری بۆ ریال مەدررید کردووە، 88 گۆڵی تۆمارکردووە، 57 گۆڵیشی دروستکردووە، واتە لە هەر 160 خولەکێک گۆڵێکی کردووە و 11 نازناویشی لەگەڵ لۆس بلانکۆس بەرزکردووەتەوە.

گاریس بەیل وەرزی رابردوو بەهۆی پێکانە یەک لە دوا یەکەکانی زۆربەی کات لەسەر کورسی یەدەگ بوو، بەڵام دەبێت بۆ وەرزی داهاتوو وەکو یاریزانی یەکەمی ریال مەدرید مامەڵە بکات و شان بداتە ئەو بەرپرسیارەتییەی نۆ ساڵ بوو کەوتبووە سەر شانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ.