ئۆکرانیا بەلەمێکی رووسی لە دەریای رەش نوقم کرد

ئۆکرانیا رایگەیاند؛ توانیویانە لە رێگەی ئامێرێکی بێفڕۆکەوانی دەریاییەوە، بەلەمێکی بێفڕۆکەوانی رووسی لە ئاوەکانی دەریای رەشدا نوقم بکەن. بەرپرسانی کیێڤ ئەم رووداوە وەک "یەکەم پێکدادانی یەکلاکەرەوە لە مێژوودا لەنێوان دوو ئامێری بێفڕۆکەوان" پێناسە دەکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی هێزی دەریایی ئۆکرانیا بڵاویکردووەتەوە، تیمەکانی چاودێرییان توانیویانە کەشتییەکی بێفڕۆکەوانی رووسی لە ناوچەیەکی دەریای رەشدا دەستنیشان بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ دوای ئاشکراکردنی ئامانجەکە، راستەوخۆ بەلەمێکی بێفڕۆکەوانی دەریاییان رەوانەی ناوچەکە کردووە. ئامێرە ئۆکرانییەکە دوای ئەنجامدانی مانۆڕ لە نزیک بەلەمە رووسییەکە، بە بەکارهێنانی رەشاشێکی قورس تەقەی لێکردووە و لە ئەنجامدا بەتەواوی نوقمی کردووە.

هێزی دەریایی ئۆکرانیا لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام جەختی کردەوە، ئەمە یەکەمین جەنگی دەریاییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە بەتەنیا لەنێوان دوو بەلەمی بێفڕۆکەواندا روویدابێت.

بۆ سەلماندنی ئەم رووداوە، سوپای ئۆکرانیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە دیمەنی تەقەکردن و تێکشکاندنی بەلەمە بچووکەکە پیشان دەدات.

 لە چەند مانگی رابردوودا هەردوو وڵاتی رووسیا و ئۆکرانیا پەرەیەکی زۆریان بە بەکارهێنانی بەلەمە بێفڕۆکەوانەکان داوە. بەشێک لەم ئامێرانە وەک کەشتیی بۆمبڕێژکراو بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە گەورەکان بەکاردەهێنرێن، لەکاتێکدا بەشێکی دیکەیان بە چەکی وەک رەشاش و مووشەک پڕچەک کراون بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ.

لەلایەکی دیکەوە، ئۆکرانیا ئاشکرایکردووە، ئێستا خاوەنی کەشتیگەلێکی تایبەتن کە توانای هەڵگرتنی فڕۆکە و ئامێری درۆنی کورتمەودایان هەیە، ئەمەش ستراتیژییەتێکی نوێیە کە رێگەیان پێدەدات بە ئاسانی لە کەناراوەکانی رووسیا نزیک ببنەوە و هێرشەکانیان چڕتر بکەنەوە.