مووسڵ رزگاربوو له داعش به‌ڵام سته‌م كۆتایی نه‌هاتووه
خه‌ڵكی مووسڵ په‌نا بۆ عه‌بادی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس و عامری ده‌به‌ن
K24 - هه‌ولێر:
ساڵێك زیاتره "پایته‌ختی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش له عێراق" كۆنترۆڵكراوهتهوه، به‌ڵام هێشتا دانیشتوانی مووسڵ له‌لایه‌ن میلیشیا چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی شیعی ئیستیفزاز ده‌كرێن و ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وان، به‌ڵكو میلیشیا عهشائیرییهكانی سوننه و ئێزدی و مه‌سیحی و شه‌به‌ك، ئه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن و له ده‌شتی نه‌ینه‌وان، بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی كێشه و نه‌هامه‌تی بۆ خه‌ڵكی پارێزگاكه.
خراپبوونی ره‌وشی ئه‌منی پارێزگا خێر لهخۆنهدیوهكهی عێراق وای له خه‌ڵكه‌كه‌ی كردووه په‌نا بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ببه‌ن و داوای هاوكارییان لێبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ست ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته نه‌شیاوه ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یه‌ی ده‌ست میلیشیا چه‌كداره‌كان رزگاریان ببێ.
به‌گوێره‌ی نامه‌یه‌ك كه ئاراسته‌ی عه‌بادی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس و هادی عامری كراوه‌و كوردستان 24 ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بینیووه، خه‌ڵكی مووسڵ ده‌ڵێن: "قه‌باره‌ی ئه‌و هه‌موو خوێن و قوربانیدانه‌ی هێزه ئه‌منیی و سه‌ربازه پاڵه‌وانه‌كان لای كه‌س شاراوه نییه بۆ رزگاركردنی مووسڵ، وه‌ك چۆن قه‌باره‌ی قوربانیدانی خه‌ڵكی مووسڵ كه به خوێن و ماڵی خۆیان به‌شدارییان له كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌دا كرد ناكرێت بشاردرێته‌وه. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانن یه‌كێك له هۆكاره‌كانی كه‌وتنی شاری مووسڵ و كه‌وتنه ده‌ست داعش پێشتریش به‌هۆی سته‌م و مامه‌ڵه‌ی خراپی هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی پارێزگاكه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن: "هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌ندێك ئه‌فسه‌ری سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و وه‌رگرتنی سه‌رانه و باجی ناشه‌رعی له‌لایه‌ن هه‌ندێك له به‌رپرسه ئه‌منییه‌كانی ئه‌وكاته‌وه هۆكارێكی دیكه‌ی كه‌وتنی شاره‌كه بوون".
له نامه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه، هه‌موو ئه‌و پرس و كێشانه بۆشاییه‌كی زۆریان له‌نێوان خه‌ڵكی پارێزگاكه و هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی ئه‌وكاتی عێراق درووستكرد، وه‌ك بینیتان ئه‌وه روویدا كه روویدا (وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كه‌وتنی مووسڵ و هاتنی داعش له ساڵی 2014) هه‌ر بۆیه خه‌ڵكی مووسڵ ژماره‌یه‌ك له‌و پێشێلكارییانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌خه‌نه به‌رده‌ستی حه‌یده‌ر عه‌بادی و هادی عامری و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس كه دیارترینیان دزینی ئاسن و پاشماوه‌كانی جه‌نگه و ئه‌و چه‌كدارانه ده‌یبه‌ن و له شاره‌كانی دیكه ده‌یفرۆشنه‌وه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌كراوه، چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستیان به‌سه‌ر زه‌وی و موڵكی دیوانی وه‌قفی سوننی‌دا گرتووه‌و به پاره‌یه‌كی زۆر ده‌یفرۆشنه‌وه و سوكایه‌تی به‌و كه‌سانه‌ش ده‌كه‌ن كه ئه‌و زه‌وی و موڵكانهیان به‌ده‌سته‌وه‌یه".
هه‌روه‌ها گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی زیاده‌ڕۆییان كردووه‌ته سه‌ر زه‌وییه‌كانی شاره‌وانی مووسڵ و ده‌ست له كاروباره‌كان وه‌رده‌ده‌ن و زه‌وییه‌كان داگیرده‌كه‌ن و ده‌یفرۆشن. جگه له‌وه‌یش ته‌نگیان به ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و منداڵه‌كانیان هه‌ڵچنیووه و سه‌رپه‌رشتی دزینی نه‌وت و سوته‌مه‌نی ده‌كه‌ن و ده‌ینێرن بۆ شاره‌كانی دیكه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانی سووته‌مه‌نی له مووسڵ درووست بكه‌ن.
هه‌روه‌ها ته‌ئكیدیانكردووه‌ته‌وه كه میلیشیاكان زه‌وی و موڵكی وه‌قفی مه‌سیحی و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا داگیر ده‌كه‌ن و هه‌ر جوتیارێكی ناوچه‌كه‌یش له قسه‌یان ده‌ربچێت یان سه‌رانه‌یان نه‌داتێ ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و پاره له شۆفێری ئه‌و بارهه‌ڵگرانه وه‌رده‌گرن كه دێنه شاره‌كه‌وه.
له‌و نامه‌یه‌دا كه ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی مووسڵ واژوویان كردووه داواده‌كه‌ن، كڕین و فرۆشتنی ئه‌و زه‌وی و خانوو و موڵكانه رابگیرێت و گرووپه‌كانی حه‌شد ده‌ست له‌و كار و كرده‌وانه هه‌ڵگرن.
جیا له‌وه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا رایگه‌یاندووه: "كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی ئه‌فسه‌ر و به‌رپرس و فه‌رمانده سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان ده‌چنه دووكان و چێشتخانه‌كان شت ده‌به‌ن و نان ده‌خۆن و پاره‌ش ناده‌ن، ئه‌و بابه‌ته زۆر ئاسایی بووه‌ته‌وه.
ئه‌حمه‌د عه‌تائوڵڵا ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت: "ئێستا 50 گرووپی چه‌كدار له پارێزگای نه‌ینه‌وان كه 39 گرووپیان سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبین، هه‌موویان نازی ئه‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌دا ده‌كه‌ن كه ئه‌وانن له ده‌ست داعش رزگاریان كردوون، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا هه‌رچی بیانه‌وێت ده‌یكه‌ن و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر ته‌نگیان به دانیشتوانی پارێزگاكه هه‌ڵچنیوه.
ئه‌و بارودۆخه گه‌یشتووه‌ته ئاستێك، له بری ئه‌وه‌ی ئاواره‌كانی شه‌ڕی داعش بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كانیان، خه‌ڵكی شاره‌كه له ده‌ست سته‌می چه‌كداره مه‌زهه‌بییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ئاواره ده‌بن.
سه‌رچاوه: ئه‌لعه‌ره‌بی جه‌دید