دیلۆیت داھاتی نەوتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات
K24 - ھەولێر:
كۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان راپۆرتی دووەمی ساڵی 2017ی وردبینیی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی نێوان 1ى تەمموزى 2017 تا 31ى كانونى یەكەمى 2017 دەخاتەڕوو.
لە راپۆرتی دووەمی دیلۆت ھاتووە: "ئێمە لەلایەن ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروبارى نەوت و گازی هەرێمی کوردستانەوە دەستنیشانکراین بۆ ئەنجامدانی وردبینی لە خشتەی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوت بۆ ساڵی 2017 و هەروەها بۆ ساڵەكانی پێشووتری 2014 ،2015 ،2016".
كۆمپانیای دیلۆت ئەوەش خستووەتەڕوو: "وردبینیمان تەواوكرد بۆ خشتەی هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوت لە ماوەی نێوان 1ى تەمموزى 2017 تا 31ى كانونى یەكەمى 2017 ، بەپێى خشتەی (1 ) كە هاوپێچی ئەم راپۆرتەکراوە. پێشتر وردبینیمان تەواوكرد بۆ خشتەی هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتی نەوت لە ماوەی 1ی كانونی دووەمی 2017 تا 30ی حوزەیرانی 2017، و راپۆرتێكیشمان دەربارەی پێشکەش کرد".
ھەروەھا لەو راپۆرتە ئەوەخراوەتەڕوو: "رێکارەکانی ئێمە بۆ ئەم راپۆرتە پێکهاتبوون لە وردبینیکردنی هەناردەکردن و تۆماری فرۆشتنەکان، ئەنجامدانی سەردانی مەیدانی پێویست، داواكردنى زانیارى لە کۆمپانیاکانی نەوت، هەروەها گرتنەبەری رێکاری دیكەى پێویست. بۆ هەناردەکردن و بەکاربردنی نەوت، هیچ بەیانێکی نادروستمان بەدینەکرد لە زانیارییەکانی هەناردەکردن و بەکاربردنی نەوت لە ماوەی نێوان 1ى تەمموزى 2017 تا 31ى كانونى یەکەمی 2017".
بەگوێرەی داتاکانی دیلۆیت، لە کۆتا شەش مانگی ساڵی رابردوو، هەرێمی کوردستان 90 ملیۆن و 997 هەزار و 914 بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە، لەم ژمارەیەش، 81 ملیۆن و 548 هەزار و 972 بەرمیل لە رێگای بۆری و 4 ملیۆن و 913 هەزار و 910 بەرمیل لە رێگای تانکەر هەناردەی دەرەوە کراون.
هەر بە گوێرەی کۆمپانیاکە، نرخی گشتی یەک بەرمیل نەوت هەناردەکراو لە رێگای بۆری 44 دۆلار و 584 سەنت بووە، هەروەها نرخی گشتی یەک بەرمیل نەوتی هەناردەکراو لە رێگای تانکەرەوە 39 دۆلار و 883 سەنت بووە.
حکوومەت هەرێم لە هەناردەکردنی ئەو ژمارە بەرمیل نەوتەش، زیاد لە سێ ملیار و 853 دۆلاری دەستکەوتووە، بەڵام بەهۆی دانی پارەی کەیس و کرێ کۆمپانیاکان و تەرخانکردنی پارە بۆ کەرکوک و چەند ناوچەیەکی دیکە، هەرێم، یەک ملیار و 815 ملیۆن و 410 هەزار و 127 دۆلاری بۆ ماوەتەو.
لەم لینكەدا داتاكانی دیلۆت لەبارەی داھاتی نەوتی ھەرێمی كوردستان ببینە
