رۆما هاوشێوه‌ی چامپیۆنزلیگ دیسان ریمۆناتادای به‌سه‌ر بارسێلۆنا كرد

به‌ ڤیدیۆ.. له‌ یارییه‌كی دراماتیكی بارسێلۆنا دیسان نه‌یتوانی له‌ رۆما بباته‌وه‌

لە جامی نێو دەوڵەتی پاڵەوانان بارسێلۆنا رووبەروو رۆما بووەوەو جارێكی دیكە نەیتوانی لەگورگەكان ببەنەوە و بە 4 گۆڵ بەرامبەر 2 گۆڵ دۆران، ماڵكۆم كە نزیك بوو پەیوەندی بە رۆما بكات، لەم یاریە گۆڵێكی له‌ رۆما كرد.

لە یاریگای لینگستۆن و لەویلایەتی تكساس، لەجامی نێودەوڵەتی پاڵەوانان، بارسێلۆنای ئیسپانی و رۆمای ئیتاڵی رووبەروو بوونەوە.

بارسا لەژێر سەركردایەتی ڤاڵڤێردی بەبێ ئامادەبوونی مێسی و سوارێز یارییەكەی ئەنجامدا.

لەخولەكی 7 و لەسەره‌تای نیوەی یەكەم، رافینیا ئالكانتارا گۆڵی پێشكەوتنی بارسای كرد، بەڵام ھەر لەم گێمە و لە كرۆسێكی كلۆیڤێرتی بچووك ستیڤان شەعراوی ئەنجامەكەی یەكسانكردەوە.

لەگەل دەستپێكردنەوەی نیوەی دووەم، ماڵكۆم ئەو یاریزانەی خەریك بوو ببێتە یاریزانی رۆما، لە یانە ئیتاڵیاییەكە ھەڵگەرایەوە و گۆڵی دووەمی بۆ بارسێلۆناكرد.

تەنیا 12 خولەك لەكاتی یارییەكە مابوو، گورگەكانی رۆما، ھاوشێوەی یاری چامپیۆنزلیگ، لە بارسێلۆنا ھاتنەوە دەنگ و 3 گۆڵیان لەم كاتە تۆمار كرد.

لەخولەكی 78 فلۆرێنزی ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە، بریان كریستانتی لەخولەكی 83 ناوی خۆی لە لیستی گۆڵكارانی یارییەكە نووسیەوە یانەكەی كردە خاون 3 گۆڵ؛ سێ خولەك دواتر، دیێگۆ پیرۆتی گۆڵی چوارەم و دڵنیایی كردو بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە بارسێلۆنایان بردەوە.

راهێنه‌ری بارسێلۆنا دوای شكسته‌كه‌ چی گوت؟

ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری بارسێلۆنا دوای یارییه‌كه‌ له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا گوتی: 75 خولەك باشترین ئاستمان پێشكەشكرد، بەڵام لە ماوەی دواتر 3 گۆڵمان لێ تۆمار كرا،  ھەوڵدەدەین ھەڵەكانمان چارەسەر بكەین و یاریزانەكانیشم ئاستێكی باشیان پێشكەشكردو بۆ وەرزی داھاتوو ئومێدم پێیان ھەیە .

ڤاڵڤێردی ده‌شڵێت: رۆما یانەیەكی بەھێزەو كۆمەڵێك یاریزانی لاو یارییان كردو ئاستێكی باشیان پێشكەش كرد،ئەمەش دڵخۆشم دەكات، راستە ئەمە یاری فەرمی نییە، بەڵام دەبێ لێكۆڵینەوە لە ئەنجامەكەی بكەین و خاڵی بەھێز و لاواز دەستنیشان بكەین.