لۆپیتیغی له‌ باره‌ی یه‌كه‌مین شكستی خۆی له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید چی گوت؟

لۆپیتیغی باسی سه‌رده‌می دوای كریستیانۆ ده‌كات

دوای ئه‌وه‌ی له‌ جامی دۆستانه‌ی پاڵه‌وانان، ریال مه‌درید له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی لۆپیتیغی راهێنه‌ر تووشی یه‌كه‌مین شكست بوو، كاتێك یارییه‌كه‌ی به‌ 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك به‌ یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد دۆڕاند، تاكه‌ گۆڵه‌كه‌ی یانه‌ی شایانه‌ كه‌ریم بێنزێما تۆماری كرد.

لۆپیتیغی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا گوتی: ده‌مانه‌وێت ئه‌م قۆناخه‌ تێپه‌ڕێنین و هه‌نگاوی زیاتر بچینه‌ پێشه‌وه‌، كاری منیش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م تیپه‌ به‌بێ كریستیانۆ رۆناڵدۆ دروست بكه‌مه‌وه‌ و رێگه‌ ناده‌م له‌ چاو تیپی وه‌رزی رابردوو ریال مه‌درید لاوازتر بێت.

راهێنه‌ر نوێیه‌كه‌ی ریال مه‌درید ده‌شڵێت: تیپه‌كه‌مان یاریزانی زۆر ئاستبه‌رزی تێدایه‌ و دڵخۆشم به‌ ئاستی گاریس به‌یل، ده‌مانه‌وێت تیپێكی به‌هێز بۆ وه‌رزی نوێ دروست بكه‌ین.

لۆپیتیغی له‌ باره‌ی شكسته‌كه‌یان به‌ شه‌یتانه‌ سووره‌كان گوتی: ئه‌مه‌ پێنجه‌مین یاری دۆستانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد بوو، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م یاری ئێمه‌ش بوو، ئه‌وان له‌ یارییه‌كه‌‌ ته‌نیا 2 ده‌رفه‌تیان بۆ رێككه‌وت و 2 گۆڵیان تۆمار كرد.

لۆپیتیغی گوتیشی: ڤینسۆس جۆنیۆر یارییه‌كی باشی كرد و هه‌موو رێنماییه‌كانی وه‌ك خۆی له‌ نێو یاریگه‌ جێبه‌جێ كرد.

لۆپیتیغی له‌ پرێس كۆنفرانسه‌كه‌ ڕه‌تی كرده‌وه‌ باسی تیبو كۆرتوای گۆڵپارێزی چێڵسی بكات، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئاماده‌ نیم جگه‌ له‌ یاریزانانی تیپه‌كه‌ی خۆم، قسه‌ له‌سه‌ر یاریزانی هیچ یانه‌یه‌كی دیكه‌ بكه‌م.