"ئینته‌ر میلان بۆ گواستنه‌وه‌ی مۆدریچ ده‌ستی به‌ گفتووگۆكردن كرد"

به‌ گوێره‌ی میدیاكان، مۆدریچ زۆر نزیكه‌ له‌ ئینته‌ر میلان

به‌ گوێره‌ی میدیاكانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا، یانه‌كانی ئینته‌ر میلان و ریال مه‌درید به‌ فه‌رمی له‌ باره‌ی گواستنه‌وه‌ی لوكا مۆدریچ ده‌ستیان به‌ گفتووگۆ كردووه‌.

پێگه‌ی ئاسی ئیسپانیا نووسیویه‌تی: یانه‌ی ئینته‌ر میلان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی لوكا مۆدریچ كۆبۆته‌وه‌‌ و له‌سه‌ر ورده‌كاری گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌ گفتووگۆكردن به‌رده‌وام.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، دی مارزیۆی رۆژنامه‌نووسی دیاری ئیتاڵیا كه‌ سه‌رجه‌م زانیارییه‌كانی وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆر دروست و باوه‌ڕپێكراو پشتی پێده‌به‌سترێت له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تویته‌ر جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ئینته‌ر میلان و ریال مه‌درید له‌ باره‌ی مۆدریچ له‌ گفتووگۆدان.

رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانیاش، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئینته‌ر میلان له‌ پێناو مۆدریچ گواستنه‌وه‌ی ئارتورۆ ڤیدالی راگرتووه‌ و چاوه‌ڕوانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی لوكا مۆدریچ ده‌كات.

لوكا مۆدریچی ته‌مه‌ن 32 ساڵ، له‌ هاوینی 2012 له‌ یانه‌ی تۆتێنهام به‌ به‌های 40 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ ریال مه‌درید، له‌گه‌ڵ یانه‌ی شایانه‌ 257 یاری ئه‌نجام داوه‌ و 13 گۆڵ و 40 ئاسیستی كردووه‌.