نێچیرڤان بارزانی: ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا دەكرێت
"برێت مەكگۆرك ھیچ قسەیەكی لەبارەی دواخستنی ھەڵبژارن لەگەڵ ئێمە نەكردووە"
K24 - ھەولێر
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستانی خستەڕوو، رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكات و ساتی خۆیدا بەڕێوبچێت.
گوتیشی: "برێت مەكگۆرك ھیچ قسەیەكی لەبارەی دواخستنی ھەڵبژارن لەگەڵ ئێمە نەكردووە".
لەبارەی بەشداریكردنی كورد لە حكوومەتی نوێی عێراق نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "تائێستا گفتوگۆی جیدی لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەستیپێنەكردووە، بەڵام گرنگە كە لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە بەشداری لە پرۆسەكە بكەن".
لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری كوردستان24 لەبارەی دوایین كۆبوونەوەی نێوان مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی پرسی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لەگەڵ یەكێتی كۆبوونەوەیەكی باشمان ھەبووە و كۆبوونەوەیەكە لەسەر ئەو ئامادەكاریانەی چوونمان بووە بۆ بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان. وەك پارتی ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بكرێت، لایەنەكانی دیكەش بە فەرمی كەسیان داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی نەكردووە".
دەربارەی دوایین كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق زیاتر پەیوەندی بەو پرسانەوە ھەبووە كە لەنێوان ھەولێر و بەغدا ھەن، پێموایە دوای پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەتوانین باشتر كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "بارودۆخی ھەرێمی كوردستان بەرەوباشی دەڕوات و خەریكە وردە وردە كێشەی مووچە چارەسەر دەبێت".
سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان راشیگەیاند: "تائێستا لەگەڵ یەكێتی باسمان لە پۆستەكانی بەغدا نەكردووە، ئێمە دەمانەوێت كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەچوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكەین".
سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە گەمارۆکانی سەر ئێران لە چوارچێوەی عێراق دەبێت".
گوتیشی: "داوامان لە ئەمریکا و بەغدا کردووە، بەرچاوڕوونیمان لەبارەی گەمارۆکانی سەر ئێران پێبدەن و لەو بارەیەوە کۆببینەوە، ئێستا چاوەڕێی کۆبوونەوەن لەگەڵ ئەمریکا و بەغدا لەسەر ئەو پرسە".
ھ.م