ئەمڕۆ ئێواردە دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە پرێمەرلیگ دادەخرێت

کاتژمێر 07:00ی ئێوارە یانەکانی پرێمەرلیگ ناتوانن هیچ یاریزانی دیکە بکڕن

ئەمڕۆ ئێوارە بەفەرمی دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە پرێمەرلیگ دادەخرێت و سبەی وەرزی نوێی خولەکە دەستپێدەکات.

بۆیەکەمجار لە مێژووی پرێمەرلیگ ئەم وەرزە پێش ئەوەی وەرزی نوێی خولەکە دەستپێبکات، دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دادەخرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات بەڕێوەبەری هونەری زۆربەی یانەکان ناڕەزایەتییان پیشاندا و پێشنیاریان کرد پێش ئەوەی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ دەستپێبکات، دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دابخرێت.

ساڵی رابردوو لە کۆی 20 یانە 14 یانە دەنگیان بەم پێشنیارە دا و بەفەرمی بڕیاردرا لەمەودوا هەموو وەرزێک رۆژێک پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ، دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دابخرێت، ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 07:00 دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دادەخرێت، بەڵام تاکو 31ی ئەم مانگە دەکرێت یاریزانی یانەکانی پرێمەرلیگ یانەکانیان بەرەو خولەکانی دیکەی ئەوروپا بەجێبهێڵن، چونکە لە خولەکانی دیکە درەنگتر دەرگاکاکە دادەخرێت.

تاکو ئێستا زیاتر لە ملیارێک یۆرۆ لەم هاوینە لەلایەن یانەکانی پرێمەرلیگەوە لە کڕینی یاریزانان خەرجکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو یاریزانی زیاتر بکڕن و هێشتا چەند گرێبەستێک هەن یەکلانەبوونەتەوە.