عێراق پێویستی بە 10 هەزار قوتابخانەی نوێیە

ژمارەیەک قوتابی لە قوتابخانەیەکی عێراق
ژمارەیەک قوتابی لە قوتابخانەیەکی عێراق

بەگوێرەی راپۆرتێکی روانگەی ئیکۆ عێراق، عێراق بۆ نەهێشتنی قەرەباڵخیی ناو پۆلەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەییی گونجاو، پێویستی بە زیاتر لە 10 هەزار قوتابخانەی نوێ هەیە.

روانگەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، ژمارەی قوتابخانەکانی عێراق لە 40 هەزار قوتابخانە تێدەپەڕێت، بەڵام ئەم ژمارەیە بەشی پێویستییە بنەڕەتییەکانی خوێندکاران ناکات.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت سیستمی دەوامی یەکەیی پەیڕەو بکات و هەر قوتابخانەیەک خاوەنی باڵەخانەی سەربەخۆی خۆی بێت، پێویستی بە نزیکەی 8 هەزار قوتابخانەی نوێ هەیە.

روانگەکە جەختیشی کردەوە، بۆ کۆتاییهێنان بە قەرەباڵخیی نێو پۆلەکان، پێویستە زیاتر لە 10 هەزار قوتابخانەی دیکە دروست بکرێن.

روانگەی ئیکۆ عێراق روونیکردەوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵان، هێشتا نزیکەی 200 قوتابخانەی قوڕین و 800 قوتابخانەی کەرەڤانی لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و زیقار بوونیان هەیە و قوتابیان لەو بینایانەدا دەخوێنن.

بەگوێرەی داتاکانی روانگەکە، ئەو پارێزگا و ناوچانەی چڕیی دانیشتووانیان زیاترە، وەک بەغدا، موسڵ، بەسرە و زیقار، لە ریزبەندی یەکەمی ئەو ناوچانەن کە پێویستییەکی زۆریان بە دروستکردنی قوتابخانەی نوێ هەیە.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، روانگەی ئیکۆ عێراق جەختی لەسەر جددییەتی وەزارەتی پەروەردە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵخی و باشترکردنی بینای قوتابخانەکان کردەوە، هەروەها ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتەکەی کرد بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەییی باشتر بۆ قوتابیان.