بانگەشەی ھەڵبژاردن ژنان دەترسێنێ
"ژمارەیەك لە ئافرەتە كاندیدەكان پاشەكشێ دەكەن"
K24 - سلێمانی
بەھۆی ناوزڕاندن و تەشھیركردن بە ئافرەتە كاندیدەكان لە ھەڵبژاردنەكانی رابردوو، بەشێك لە ئافرەتان لەنێو دامەزراوە سیاسییەكان بەترسەوە دێنە پێشەوە و ھەندێكیشیان پاشەكشێ دەكەن، زۆرێك لە ئافرەتانی لایەنە سیاسییەکانیش بەگرنگی دەزانن کە لایەنەكان واز لەو یاریکردنە بھێنن و گرنگی بە پێگەی ژن بدرێت و ھانی ھاتنە پێشەوەیان بدرێت نەك لە رێگەی کەسە سێبەرەکانیانەوە ئافرەتان ناشرین بکەن. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبێكی كوردستانی ئاشكرای دەكات، ژمارەیەك لە كاندیدە ژنەكان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان لە لیستەكانیان پاشەكشێیان كردووە.
لەدەستپێکی ھەر بانگەشەیەکی ھەڵبژاردن، ئافرەتە کاندیدەکان، بەر ھێرشی بەشێك لەلایەنگرانی لایەنەكان دەبنەوە، ئەوەش ترسێکی زۆری لەسەر ھاتنە پێشەوەی ئافرەتان لە خۆ کاندیدکردن و بەشداریکردن کایە سیاسییەکان دروستکردووە.
لەوبارەوە چیا ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر ھەر ژنێك لەلایەن خێزانەكەی و كۆمەڵگاكەی پاڵپشتی نەكرێت، ناتوانێ بێتە ناوكایەی سیاسییەوە، وەك چۆن لە ماڵەوە ژن قوتابخانەیە لە دەرەوەش ژن دەتوانێ كارەكانی رابپەڕێنێ. بۆ لە وڵاتە پێشكەوتووەكان ژن دەبێتە سەرۆكی وڵات و سەرۆك وەزیران و سەركەوتوو دەبێت، بۆچی لای ئێمە ئەو مافە بۆ ژنان دەستەبەر نەبێت".
زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان ماندووبونێکی زۆریان بینی تا کاندیدی ئافرەت دەست نیشان بکەن، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستانیش ھۆکارەکەی بۆ ناشرینکردنی ئافرەتان لە ھەڵبژاردنەکانی پێشووتر دەگێڕێتەوە و پێشی وایە پاشەکشێی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی نامەیەکی ترسێنەرە.
شلێر عەبدلمەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان دەڵێت: "ئەو ھێرشەی دەكرێتە سەر كاندیدە ئافرەتەكان، ھەم كاریگەری دەكاتە سەر دەروونی خۆی ھەم خێزانەكەی، ئەو ژنانەی لە حزبەكان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو كاندید دەكران، ھەندێكیان پاشەكشێیان كرد، ئەمەش بەھۆی ئەو ھەڵمەتەی پێشوو كە دژی ئافرەتە كاندیدەكان گیرایەبەر".
بەشێك لەو ئافرەتانەی کە لە ئاستی باڵا سەرکردایەتی حزبەکان كاردەکەن پێیان وایە ھێرشکردنە سەر ئافرەتان و لەكەداركردنیان مەبەتەسەکە لەكەداركردنی حزبەكانیانە نەك كەسایەتی خودی کەسەکە خۆی، بەگرنگیشی دەزانن لایەنە سیاسییەکان واز لەم یەکتر شکاندنە بھێنن و رێگە نەدەن ژنان پاشەکشێ لەپرۆسەی سیاسیدا بکەن.
ھ.م