بەرپرسی میـحوەری رۆژئاوای كەركووك گۆڕا

نووری حەمە عەلی دەبێتە بەرپرسی میحوەر و كەمال كەركووكی پۆستێكی دیكە وەردەگرێت

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە فەرماندە و پێشمەرگەكان، كەمال كەركووكی پۆستی بەرپرسی میـحوەری 5ی ھێزی پێشمەرگەی لە رۆژئاوای كەركووك رادەستی نووری حەمە عەلی كرد، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داھاتوودا كەمال كەركووكی وەك  بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای كەركووك دەست بەكاربێت.

ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 لەنێو رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕكردنی بەرپرسی میحوەری 5ی ھێزی پێشمەرگە لە رۆژئاوای كەركووك رایگەیاند: "لەو رێوڕەسمەدا ئەمڕۆ كەمال كەركووكی كە پێشتر بەرپرسی ئەو میحوەرە بوو، پۆستەكەی رادەستی نووری حەمە عەلی كرد".

نووری حەمە عەلی، بە كوردستان24 راگەیاند: "درێژە بە ئەرك و كارەكانی سەربازی دەدەین لەو میحوەرە، داواش لە كەناڵەكانی راگەیاندن دەكەین گرنگی زیاتر بە میحوەری كەركووك بدەن".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو میحوەرە گرنگی خۆی ھەیە، چونكە كەركووكە و ئەو شارە لە مێژوودا، لە پێناو كەركووك كۆڵمان نەداوە و كۆڵنادەین".

نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری 5ی ھێزی پێشمەرگە راشیگەیاند: "لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕییەكان، لەسەر بڕیاری سەرۆك بارزانی وەك بەرپرسی میحوەر دەست نیشان كراوم".

سەبارەت بە كردنەوەی رێگای ھەولێر- كەركووك و مانەوەی پێشمەرگە لە سنووری پردێ گوتی: "لەو بڕوایەداین ھەفتەی داھاتوو پێش جەژنی قوربان، رێگاكە بكرێتەوە. پێشمەرگەش لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و تا فەرمانمان پێدەكرێت".

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، لە چەند رۆژی داھاتوودا كەمال كەركووكی وەك بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە پارێزگای كەركووك.

ھ.م