لۆپیتیغی 3 كێشه‌ی له پێكهاته‌ی ریال مه‌درید ئاشكرا كرد
"داوا له پێرێز ده‌كات پێش ئه‌وه‌ی وه‌رزی نوێ ده‌ستپێبكات كێشه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن"
رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانیا، له چاپی ئه‌مڕۆیدا، زانیاری ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو كه لۆپیتیغی كێشه‌كانی پێكهاته‌ی یانه‌كه‌ی خستۆته به‌رده‌م فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆك و داوای لێكردووه پێش ئه‌وه‌ی وه‌رزی نوێی لالیگا ده‌ستپێبكات كێشه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ر بكات.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه یانه‌ی ریال مه‌درید 3 كێشه‌ی له 3 هێڵی جیاوازی تیپه‌كه‌ی هه‌یه و ده‌یه‌وێت پێش ئه‌وه‌ی بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان به ته‌واوه‌تی دابخرێت كێشه‌كانی به گواستنه‌وه‌ی یاریزانی نوێ چاره‌سه‌ر بكات.
لۆپیتیغی راهێنه‌ری ریال مه‌درید داوای به‌رگریكاری كردووه و به پێرێزی سه‌رۆكی راگه‌یاندووه كه ڤایخۆ به‌شێوه‌یه‌كی خواستن به‌ڕێبكه‌ن و به‌رگریكارێكی دیكه‌ی بۆ بگوازنه‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، لۆپیتیغی داوای شوێنگره‌وه‌ی كۆڤاسیچی كردووه و پێیوایه لۆرێنتی ناتوانێت شوێنی ئه‌م یاریزانه پڕ بكاته‌وه و گه‌شبینی به ریال مه‌درید ببه‌خشێت.
راهێنه‌ری ریال مه‌درید بیرۆكه‌ی پشت به‌ستنی به مایۆرال ڕه‌ت كردۆته‌وه و داوای هێرشبه‌رێكی دیكه بۆ شوێنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ ده‌كات.
لۆپیتیغی پێشنیاری ئه‌وه‌ی بۆ پێرێز كردووه له ئه‌گه‌ری شكستهێنانی له گواستنه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌كی سووپه‌رستاری وه‌ك هاری كه‌ین، محه‌مه‌د سه‌ڵاح، لیڤاندۆڤسكی و نێیمار، وه‌ك پلانی دووه‌م داوای گواستنه‌وه‌ی رۆدریگۆ مۆرینۆی هێرشبه‌ری ڤالێنسیای كردووه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ریال مه‌درید له یارییه دۆستانه و ئاماده‌كارییه‌كان ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كردووه و شكستی به یانه‌كانی یوڤێنۆتس، رۆما و ئه‌یسی میلان هێناوه، به‌ڵام هێشتا ئاستی ریال مه‌درید جێگه‌ی ئومێدی راهێنه‌ره‌كه‌ی نییه.