لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان تانه‌ له‌ ئه‌نجامی دەستژمێری دەنگەكان ده‌ده‌ن

لایەنێكی ناڕازی چۆنیەتی لێدانی تانە و هۆکارەكەى ئاشکرا دەکات

K24 - ھەولێر

چوار لایەنە ناڕازییەکە تانە لە ئەنجامی ژماردنی دەستی دەنگەکان دەدەن و  هەر لایەنە و بە جیا تانە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدات. ئەندامێكی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیش دەڵێت، حزبەكەی تانە لە ئەنجامەکان نادات، چونكه‌ گۆڕانکاری بەسەر ئەنجامەکاندا نەهاتووە، کۆمسیۆنیش سێ رۆژی داناوە لایەنەکان تانە لە ئەنجامەکە بدەن.

ئەنجامی هەژماری دەستی دەنگەکان هیچ گۆڕانکاریەکی لە ژمارەی کورسی لایەنە کوردستانییەکان نەكرد، چەند رۆژێكیش وەك ماوەی دیاركراو ماوە، لە بەردەم لایەنەکان تانە لە ئەنجامی هەژماری دەستی دەنگەکان بدەن. چوار لایەنە نارازییەکە  بە جیا تانە لە ئەنجامەکان دەدەن و کۆمەڵی ئیسلامی چۆنیەتی لێدانی تانە و هۆکارەكەشى ئاشکرا دەکات.

کەمال حەمزە، کارگێڕی ناوەندی هەڵبژاردنی کۆمەڵی ئیسلامی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە خوازیارین تانەكەمان ئەنجامی ھەبێت، بەڵام ئەگەر بێ ئەنجامیش بوو لە ھەوڵەكانمان بەردەوام دەبین، تا دوا ھەنگاو ئەرو ئامانەتەی دەنگدەرانمان لە ئەستۆماندایە و بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین، بوون و نەبوونی ئەنجامەكە بۆ ئەو ھاوكێشە سیاسییە دەگەڕێتەوە كە ھەیە".

ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایەنە کوردستانیەکانی دابەشی دوو بەرە کردووە، بەرەی پارتی و یەکێتی کە سەرقاڵی پڕۆژەی هاوبەشن بۆ چوونە بەغدا بەرەی لایەنە ناڕازییەکان بەرەی یەکەم تێبینی لەسەر ئەنجامەکان و پرۆسەکەش هەیە، بەڵام تانەی لە ئەنجامی دەستی دەنگەکان نەداوە.

لەوبارەوە کاوە گەردی، کارگێڕی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "وەك پارتی ھیچ تانەیەك لە ئەنجامەكان نادەین، چونكە ھیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ژمارەی كورسیەكانی پارتی نەھاتووە، سەرەڕای ئەو ھەموو تێبینیەی لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن ھەمان بوو، بەڵام ئەنجامەكەمان بە دڵە".

سبەی چوارشەممە 14/8/2018، دوا وادەی تانە لێدانە لە ئەنجامی دەستی دەنگەکان،چوار لایەنە ناڕازییەکەش تانەکانیان ئامادەیە پێشیان وایە ئەگەر کاری لەسەر بکرێت ئەنجامەکان دەگۆڕێت. دوای تانەکان دادگای فیدراڵی  ئەنجامەکان پەسەند دەکات و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتی تازەی عێراق  چ تر دەبنەوە.

ھ.م