وڵاتێکی عەرەبی شەریعەتی ئیسلامی بە یاسا مەدەنییەکان دەگۆڕێت
ژن و پیاو لە میراتی یەکسان دەکات و مافی هاوڕەگەزخوازان دەدات
K24 – ههولێر:
حکوومەتی توونس لە هەوڵی چەند گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتیدایە کە یاساکانی میراتگری و هاوڕەگەزخوازیش دەگرێتەوە و ئەمەش ناکۆکی نێوان سێکۆلار و ئیسلامییەکانی لێکەوتۆتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، باجی قائید ئەلسبسی، سەرۆکی توونس، پڕۆژە بڕیارێکی ئامادەکردووە کە تیایدا میراتگیری ژن و پیاو وەک یەکی لێدەکرێت، بەڵام ئەوەش دەڵێت، ئەگەر بێتو خێزانێک بیانەوێت لەسەر شەریعەتی ئیسلام میراتەکان دابەشبکەن ئەوا ئازادن. بە گوێرەی شەریعەتی ئاینی ئیسلام، پیاوان دوو ئەوەندەی ژنان میراتیان بەردەکەوێت.
سەرۆکەی تونس، پێشتر راپۆرتێکی 300 لاپەڕەیی نووسیبوو و تیایدا وردەکاری چەندین گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەخاتەڕوو کە یەکەمینجارە وڵاتێکی عەرەبی بەو جۆرە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بیر لە گۆڕینی یاساکانی بکاتەوە.
لە گۆڕنکارییەکانی سەرۆکدا، سزای لەسێدارەدان لادەبرێت و هاوڕەگەزخوازیش چیدی بە تاوان لەو وڵاتە عەرەبییە سەیرناکرێت، جیا لەمانەش ژنانی مووسوڵمان رێگەیان پێدەدرێت لەگەڵ کەسێکی نا موسووڵمان هاوسەرگیری بکەن.
نەریتپارێزە توونسیەکان ئەو گۆڕانکاریانە بە هەوڵی نەهێشتنی ناسنامەی ئیسلام لەو وڵاتەکەیان دەزانن و تاکو ئێستاش سەدان کەس دژی خۆپیشاندانیان کردووە.
وەڵامی سەرۆکیش بۆ ئەو خۆپیشاندانانە سووربون بوو لە بڕیارەکەی و دەڵێت: "کاردەکەم تاکو مافی هەموو توونسییەکان بەدەستدەهێنم و دەبێت هەموو هاووڵاتیانی توونس یەکسانبن".
لەلایەکی دیکەوە، خەڵکە سیکۆلارەکەی توونس، چەند رێپێوانێکیان بۆ پشتگیریکردن لەو سەرۆکە ئەنجامداوە.
ئەو پڕۆژە یاسایە دەچێتە پەرلەمانی توونس و لەوێ دەنگی لەسەر دەدرێت، ئەگەربێت و دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت، ئەوا گۆڕانکارییەکان دەبنە یاسا و دەبێت هاووڵاتیان پێوەی پابەند بن.
H.J