كۆمسیۆن لیسته‌كه‌ی شاسوار غه‌رامه‌ ده‌كات

داوا له‌ لیست و كاندیده‌كان ده‌كرێت پابه‌ندی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆن بن

K24- هه‌ولێر:

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و رۆفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لیستی نه‌وه‌ی نوێ، كه‌ له‌لایه‌ن شاسوار عه‌بدولواحیده‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، به‌بڕی 10 ملیۆن دیناریان پێبژار "غه‌رامه‌" كردووه.

كۆمسیۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ بڕی 1 ملیۆن دیناریان غه‌رامه‌ كردووه‌.

وه‌ك له‌به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه‌، غه‌رامه‌كه‌ به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی ئه‌و لیست و كه‌سانه‌یه‌‌ به یاسا و رێسا و‌ رێنماییه‌كانی كۆمسیۆن‌. كۆمسیۆن داواشی له‌ سه‌رجه‌م لیست و كاندیدان كردووه‌، پابه‌ندی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بن، به‌رله‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ بچن، كه‌ بڕیاره‌ له‌ 30ی ئه‌یلولی داهاتوو به‌ڕێوه‌ بچێت.

H.B