فوئاد حوسێن: شاندێکی هەرێم دێتە بەغدا
وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد؛ لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027. هاوکات، جەختیشی کردەوە، واشنتن بە تەواوی پاڵپشتی لە پلانی عێراق دەکات بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا تاوەکو حوزەیرانی ساڵی داهاتوو.
دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەرنجی خستە سەر ئەنجامی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و چەند دۆسیەیەکی هەنووکەیی.
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 هێشتا نەچووەتە ئەنجوومەنی وەزیران و لە قۆناخی گفتوگۆدایە، گوتیشی: لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا، شاندێکی هەرێمی کوردستان دەگاتە بەغدا و لەگەڵ وەزیری دارایی و وەزارەتی دارایی فیدراڵ کۆدەبنەوە، و لەو چوارچێوەیەدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری دەکرێت.
لەبارەی دۆسیەی شەهیدان و ئەنفالکراوان، فوئاد حوسێن پێشوازی لە سەردانی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و باسی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان کرد لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی.
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران دوای قەدەخەکردنیان لەلایەن ئەمریکاوە، وەزیری دەرەوە ڕوونی کردەوە کە لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن توانیویانە ئەو پرسە چارەسەر بکەن، بەڵام جەختی کردەوە، گەشتەکان تەنیا بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف دەستیانپێکردووەتەوە نەک شوێنی دیکە، ئەوەش بەپێی کۆمەڵێک مەرج و رێکاری دیاریکراو.
دەربارەی هەڵوێستی واشنتن لەسەر پرسی چەککردنی گرووپە چەکدارەکان، فوئاد حوسێن گوتی: ئەمریکییەکان بە تەواوی پشتیوانی لە سیاسەت و پلانی حکوومەتی عێراق دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. ئاماژەی بەوەش کرد ئەو وادەیەی سەرۆکوەزیران دیاری کردووە کە 30ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووە وەک دوا مۆڵەت بۆ دانانی چەک، پلانێکی فەرمییە و لە ئەمریکاش راگەیەندراوە، بۆیە پێویستە هەمووان پابەندی بن و کاری بەردەوامی بۆ جێبەجێکردنی بکرێت.