فوئاد حوسێن سەرپەرشتیی ئامادەکارییەکانی میوانداریکردنی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئیسلامی دەکات
وەزیری دەرەوەی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دوایین ئامادەکارییەکانی میوانداریکردنی 52ـەمین خولی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کرد و رایگەیاند، کۆنفرانسەکە گرنگییەکی تایبەتی بۆ نیشاندانی واقیعی ئەمڕۆی عێراق هەیە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، فۆئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە بۆ ئاگاداربوون لە دوایین ئامادەکارییە لۆجستی و هونەرییەکان بە مەبەستی میوانداریکردنی خولی 52ـەمینی کۆنفرانسی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە گرنگیی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لە بەغدا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، میوانداریکردنەکە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاشناکردنی وڵاتان و میوانەکان بە واقیعی عێراق؛ هاوکات وەرگرتنی سەرۆکایەتیی ئەم خولەی کۆنفرانسەکە بایەخێکی گەورەی لەسەر ئاستی ئیقلیمی، نێودەوڵەتی و لەنێو دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێکخراوەکەدا هەیە.
لەلایەن خۆیەوە، شۆڕش خالید سەعید، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری فرەلایەنە و یاسایی، کورتەیەکی لەسەر بەڕێوەچوونی کارەکانی لێژنەی ئامادەکار خستە ڕوو، بەتایبەت لە ڕووی ئامادەکارییە لۆجستی، هونەری و پێشوازیکردن لە شاندە فەرمییەکانی وڵاتان، هاوکات دەستپێکردنی کارەکانی پلاتفۆرمی فەرمیی کۆنفرانسەکەی بەرز نرخاند کە پێش کۆبوونەوەکە لەلایەن وەزیری دەرەوەوە راگەیەندرا.
بریکاری وەزارەت ئەوەشی ئاشکرا کرد، لێژنەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بریکارەکانی وەزارەت و فەرمانگە سیاسییەکان بەشدارییان لە داڕشتنی "ڕاگەیەندراوی بەغدا"دا کردووە، هەروەها رێبەری تایبەت بە کۆنفرانسەکەیان ئامادە کردووە کە پێشکەشی شاندە بەشداربووەکان دەکرێت؛ جگە لە تەواوکردنی رێوشوێنەکانی ناوەندی میدیایی و ئامادەکردنی هۆڵی سەرەکی بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە.