سەرۆك بارزانی: كورد داواى شه‌راكه‌تى راسته‌قينه‌ و گرێنتى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كان ده‌كات

سەرۆك بارزانی پێشوازی له‌ برێت مه‌كگۆڕك كرد

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، رايگه‌ياند، ئەوەی بەلای لایەنە كوردستانییەكان ئەولەوییەتی هەیە رەچاوكردن و پابەندبوونی لایەنە عێراقییەكانە بە پڕەنسیپی شەراكەتی حەقیقی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و هەروەها بوونی گەرەنتی و میكانیزمی ڕوون بۆ جێبەجێكردنی شەراكەت و ڕێككەوتنەكان.

سايتى سه‌رۆك بارزانى بڵاويكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە دۆگڵاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق  و ستیڤ فاگین كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شەڕی دژی داعش لە سووریا و رۆژئاوای عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوەیە رۆشنایی خرایە سەر دوایین هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و هاوكێشە تازەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق، پەیوەست بە پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و له‌و ميانه‌يه‌دا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی بەلای لایەنە كوردستانییەكان ئەولەوییەتی هەیە رەچاوكردن و پابەندبوونی لایەنە عێراقییەكانە بە پڕەنسیپی شەراكەتی حەقیقی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و هەروەها بوونی گەرەنتی و میكانیزمی ڕوون بۆ جێبەجێكردنی شەراكەت و ڕێككەوتنەكان.